دەزگای خێرخوازی بارزانی: لە عەفرین هاوکاری زیاتر لە 8000 ئاوارەی حەلەبمان کردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

دەزگای خێرخوازیی بارزانی رایدەگەیێنێت، تیمەکانیان هاوکاریی ئەو کەسانە دەکەن، کە لە حەلەبەوە ئاوارەی عەفرین بوون و لە سێ رۆژی رابردوودا ژەمە خۆراک و پێداویستی دیکەیان بەسەردا دابەشکردوون.
 
رەواج حاجی، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا 7 هەزار و 4 ژەمە خۆراکی گەرممان پێشکێشی ئاوارەکان کردووە".
 
بەگوێرەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە سێ رۆژی رابردوودا 436 پێداویستیی دیکەیان وەکو بەتانی و دۆشەک دابەشکردووە و جلوبەرگیان بۆ 142 کەس دابینکردووە.
 
رەواج حاجی گوتی: "لە سێ رۆژی رابردوودا خزمەتگوزارییان گەیاندووەتە 273 کوردی ئاوارەبووی حەلەب لە سنووری عەفرین و دەوروبەری. بەگشتی خزمەتگوزاری بە 8 هەزار و 189 کەس گەیێندراوە".
 
بەپێی ئاماری دەزگاکە، بەهۆی شەڕی پێنج رۆژەی حەلەبەوە، نزیکەی 150 هەزار ئاوارە گەیشتوونەتە عەفرین و دەوروبەری.
 
لە 6ی ئەم مانگەدا سوپای عەرەبیی سووریا هێرشی کردە سەر ئەو دوو گەڕەکە کوردییەی حەلەب و بەرەبەیانی 10ـی مانگ ئاگربەست راگەیێندرا و هێزە کوردییەکان کشانەوە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر.