سەرۆک بارزانی: دەبێ کۆتایی بەو هەڵمەتە بهێنرێت کە دژی عەرەبە سوورییەکان دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆک بارزانی رایگەیاند، دەبێ کۆتایی بەو هەڵمەتە بهێنرێت کە دژی عەرەبە سوورییەکان دەکرێت، ئەوانەی لە هەرێمی كوردستاندا دەژین.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 12-1-2026، سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا رایگەیاند، "لە كاردانەوە بەرانبەر رووداوەكانی چەند رۆژی رابردووی شاری حەلەب، بەداخەوە لە هەندێک پێگەی میدیایی و سۆشیاڵمیدیا و ناوەندی دیکەدا، هەڵمەتێك لە دژی ئەو هاووڵاتییە عەرەبە سووریاییانە دەبینرێت كە لە هەرێمی كوردستاندا دەژین. ئەم جۆرە هەڵمەت و رەفتارانە لە جێی خۆیدا نین و بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ پڕەنسیپ و بەهاكانی گەلی كوردستان ناگونجێن و دژی سیاسەت و روانگەی گشتیی دامودەزگەی هەرێمی كوردستانن".
 
بەهۆی رووداوەکانی حەلەب و هێرشکردنە سەر گەڕەکە کوردییەکانی ئەو شارە لەلایەن چەکدارانی سوپای عەرەبی سووریاوە، لە سۆشیال میدیای کوردییەوە (بەتایبەت باشووری کوردستان) دەنگێک هەیە بۆ دەرکردنی ئەو سووریانەی بەهۆی خراپیی دۆخی وڵاتەکەیانەوە لە 15 ساڵی رابردوودا پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان هێناوە.
 
سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا هەروەها دەڵێت، "لە راستیدا نابێ ئۆباڵی ئەنجامدانی تاوان لەلایەن خەڵكێكەوە بخرێتە ئەستۆی خەڵکانێکی دیکەوە كە هیچ پەیوەندییان بە تاوانەكەوە نەبووە. دەبێ رێزی ئەو پەنابەر و هاووڵاتییە عەرەبە سووریاییانە بگیرێت كە پەنایان بۆ هەرێمی كوردستان هێناوە و لێرە دەژین و پێویستە كۆتایی بەم هەڵمەتە نابەجێیە بهێندرێت و لایەنە پەیوەندیدارەكان رێگە لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە هەڵسوكەوتانە بگرن".
 
 
دەقی راگەیێندراوەکەی سەرۆک بارزانی:
 
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
 
لە كاردانەوە بەرانبەر رووداوەكانی چەند رۆژی رابردووی شاری حەلەب، بەداخەوە لە هەندێک پێگەی میدیایی و سۆشیاڵمیدیا و ناوەندی دیکەدا، هەڵمەتێك لە دژی ئەو هاووڵاتییە عەرەبە سووریاییانە دەبینرێت كە لە هەرێمی كوردستاندا دەژین. ئەم جۆرە هەڵمەت و رەفتارانە لە جێی خۆیدا نین و بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ پڕەنسیپ و بەهاكانی گەلی كوردستان ناگونجێن و دژی سیاسەت و روانگەی گشتیی دامودەزگەی هەرێمی كوردستانن.
 
لە راستیدا نابێ ئۆباڵی ئەنجامدانی تاوان لەلایەن خەڵكێكەوە بخرێتە ئەستۆی خەڵکانێکی دیکەوە كە هیچ پەیوەندییان بە تاوانەكەوە نەبووە. دەبێ رێزی ئەو پەنابەر و هاووڵاتییە عەرەبە سووریاییانە بگیرێت كە پەنایان بۆ هەرێمی كوردستان هێناوە و لێرە دەژین و پێویستە كۆتایی بەم هەڵمەتە نابەجێیە بهێندرێت و لایەنە پەیوەندیدارەكان رێگە لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە هەڵسوكەوتانە بگرن.
 
مەسعود بارزانی
12ی كانوونی دووەمی 2026