نێچیرڤان بارزانی سەرەخۆشی لە بنەماڵەی خدر بەرکات دەکات

رووداو دیجیتاڵ

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی سەرەخۆشی بۆ کۆچی دوایی خدر بەرکات کەسۆ، زانا و کەسایەتیی ناوداری ئایینیی ئێزدی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "هاوسۆز و هاوخەمی" بنەماڵەکەی و تەواوی جڤاکی ئێزدییە.
 
لە پەیامەکەیدا کە ئەمڕۆ دووشەممە (12ـی کانوونی دووەمی 2026) بڵاوکرایەوە، نێچیرڤان بارزانی دەڵێت: "بۆ کۆچی دوایی زانا و کەسایەتیی ئایینیی ناوداری ئێزدی، خوالێخۆشبوو خدر بەرکات کەسۆ، بە گەرمی سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری و تەواوی جڤاکی ئێزدی دەکەم، هاوسۆز و هاوخەمییانم."
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە، خوالێخۆشبوو خدر بەرکات کەسۆ، وەک زانایەکی ئایینی، "بە دڵسۆزی خزمەتی ئایین و جڤاکی خۆی (ئێزدی) کردووە و پارێزەرێکی دیاری کولتووری پێکەوەژیان بووە."
 
نێچیرڤان بارزانی دەڵێت: "لە خودای مەزن داواکارم گیانی بە بەزەیی خۆی شاد بکات و سەبووری و ئارامی بە هەمووان ببەخشێت."