کشتوکاڵی هەولێر: جووتیاران لە رێگەی 'هەژماری من'ـەوە شایستە داراییەکانیان وەردەگرن
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر رایگەیاند، پڕۆسەی تۆمارکردنی جووتیاران لە پڕۆژەی 'هەژماری من' دەستیپێکردووە. باسی لەوەشکرد: "ئەم هەنگاوە کۆتایی بە رۆتین دەهێنێت و جووتیاران دەتوانن لە رێگەی ئامێرەکانی ATMـەوە شایستە داراییەکانیان وەربگرن."
رۆژی دووشەممە 12ـی کانوونی دووەمی 2026 هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "جووتیاران هاوشێوەی فەرمانبەران دەخرێنە نێو پڕۆژەی 'هەژماری من'؛ ئامانج لەم بڕیارە پاڵپشتیکردن، کارئاسانی و خێراکردنی پڕۆسەی پێدانی شایستە داراییەکانی جووتیارانە."
هێمن سەید موراد ئاگاداری جووتیارانی سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەیان دەکاتەوە، لە کاتی تۆمارکردنی پلانی ساڵانەدا، ناوی خۆیان بۆ بەشداری لە پڕۆژەی 'هەژماری من' تۆمار بکەن. گوتیشی: "لە ئێستاوە پڕۆسەکە دەستیپێکردووە؛ پێویستە جووتیاران سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی ناوچەکەی خۆیان بکەن و بەڵگەی خاوەندارێتیی زەوی و کارتی نیشتمانییان پێبێت."
سەبارەت بە گرنگیی ئەم هەنگاوە، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر دەڵێت: "ئەگەر جووتیاران لە 'هەژماری من' تۆمار بکرێن، دەتوانن لە ئامێرەکانی(ATM) شایستەکانیان وەربگرن و هەموو رێکارە رۆتینییەکان نامێنن؛ ئیتر پێویست ناکات بۆ وەرگرتنی چەک بچنە سایلۆکان و دواتر سەردانی بانک بکەن.
لە سنووری پارێزگای هەولێر 19 هەزار جووتیار هەن، بەڵام هێمن سەید موراد دەڵێت: "پێشبینی دەکەین ئەم ساڵ ژمارەکە زیاتر بێت."
لە 2024ـدا شەش ملیۆن تۆن گەنم لە عێراق وەرگیرا. پار سەرەتا بڕیاربوو سێ ملیۆن و 800 هەزار تۆن وەربگیرێت کە پشکی هەرێمی کوردستان تێیدا 400 هەزار تۆن بوو، دواتر بۆ بەرژەوەندیی جووتیاران بڕەکە بۆ شەش ملیۆن تۆن زیادکرا، بەڵام پشکی هەرێمی کوردستان زیاد نەکرا.
پار پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە 10ـی حوزەیران دەستیپێکرد و تاوەکو 20ـی تەممووز بەردەوام بوو؛ حکومەتی عێراق 400 هەزار تۆن گەنمی وەرگرت، لەکاتێکدا ساڵی 2024، 700 هەزار تۆنی وەرگرتبوو.
بەپێی دوایین ئامارەکانی پڕۆژەی 'هەژماری من'، ژمارەی ئەو کەسانەی لە رێگەی ئەلیکترۆنییەوە مووچەکانیان وەردەگرن گەیشتووەتە 630 هەزار مووچەخۆر و خانەنشین.