یەکێتی پۆستی قایمقامی پێنجوێن لە گۆڕان وەردەگرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سبەی ئاڵوگۆڕ لە پۆستی قائیمقامی پێنجوێن دەکرێت و پۆستەکە لە پشکی بزووتنەوەی گۆڕانەوە دەگەڕێتەوە بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
دووشەممە، 12-01-2026، هێمن ئیبراهیم، قایمقامی قەزای پێنجوێن بە وەکالەت (لە پشکی گۆڕان) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سبەی ئاڵوگۆڕ لە پۆستەکەدا دەکرێت و "عەدنان کاکەڕەش لە پشکی یەکێتی وەک قایمقامی نوێی پێنجوێن دەستبەکار دەبێت."
هێمن ئیبراهیم هۆکاری ئاڵوگۆڕەکەی بۆ کشانەوەی بزووتنەوەی گۆڕان لە حکومەت گەڕاندەوە و گوتی: "بزووتنەوەی گۆڕان بڕیاری کشانەوەی داوە، بۆیە یەکێتی پۆستەکە پڕ دەکاتەوە و گۆڕان لە بەرامبەردا هیچ پۆستێکی دیکە وەرناگرێت."
قایمقامی ئێستای پێنجوێن کە هاوکات بەڕێوەبەری ناحیەی ناڵپارێزی سنووری هەمان قەزایە، لەبارەی مانەوەی لە پۆستەکەی دیکەی گوتی: "جارێ وەک بەڕێوەبەری ناحیەی ناڵپارێز بەردەوام دەبم، بەڵام لە داهاتوودا دەستبەرداری ئەو پۆستەش دەبم."
بەپێی رێککەوتنی یەکێتی و گۆڕان بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی سلێمانی، پۆستی قایمقامی پێنجوێن پشکی بزووتنەوەی گۆڕان بوو. پێشتر زانا رەحمان لەو پۆستەدا بوو، بەڵام ساڵی 2024 دەستی لەکارکێشایەوە و لە 21ـی تەمموزی 2024 هێمن ئیبراهیم بە وەکالەت دەستبەکاربوو.
رۆژی 10ـی تشرینی یەکەمی 2024، دانا ئەحمەد مەجید، رێکخەرى گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان کشانەوەی حیزبەکەی لە هەردوو حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى خۆجێیی سلێمانی و هەڵەبجە راگەیاند.