پۆلیسی کەرکووک باندێکی ساختەکردنی زێڕی دەستگیرکرد

رووداو دیجیتاڵ

پۆلیسی کەرکووک دەستگیرکردنی باندێکی پێنج کەسیی راگەیاند کە بازرگانییان بە زێڕی ساختەوە کردووە. گوتەبێژی پۆلیس دەڵێت، فێڵ لە کڕیارەکان کراوە و لە پارێزگای سەڵاحەدین دەست بەسەر کارگەکەشیاندا گیراوە.
 
رۆژی دووشەممە، 12-01-2026، عەقید عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەشی پۆلیسی حەویجە بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک، لە بۆسەیەکی تۆکمەدا باندێکیان دەستگیرکردووە، کە بازرگانییان بە زێڕی ساختەوە کردووە.
 
سەبارەت بە شێوازی کارکردنیان، عەقید عامر شوانی گوتی: "ئەو باندە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ بازرگان و کڕیارەکان، قالبی زێڕی راستەقینە و ساختەیان نیشانداون، بەڵام کاتێک بردوویانە بۆ پشکنین، بۆ دڵنیابوونەوە زێڕە راستەقینەکەیان پێداون."
 
بەگوتەی گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک، کارگەی ئەو باندە لە شارۆچکەی شەرگاتی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین بووە و هەموو ئامرازەکانی دروستکردنی زێڕیان هەبووە.
 
عەقید عامر شوانی ئاماژەی بەوە کرد، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پۆلیسی سەڵاحەدین، تیمێکی لێکۆڵینەوە چوونەتە شەرگات و "دەستیان بەسەر بڕێکی دیکەی زێڕی ساختە و 3 کیلۆگرام مادەی دیکەی هاوشێوەی زێڕدا گرتووە."
 
هاوکات دەست بەسەر ئەو کەرەستە و مادە خاوانەشدا گیراوە کە بۆ دروستکردن، بڕین و سافکردنی زێڕە ساختەکە بەکارهاتوون.
 
بەگوێرەی فەرماندەیی پۆلیسی کەرکووک، تۆمەتبارەکان بەپێی مادەی 456 لە یاسای سزادانی عێراقی (کە تایبەتە بە فێڵکردن) راگیراون.