پەروەردەی راپەڕین: هیچ بڕیارێک بۆ دامەزراندنی وانەبێژە لادراوەکان لە شوێنی خانەنشینان نییە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی راپەڕین رایدەگەیێنێت، تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکی فەرمی نییە بۆ دامەزراندنی ئەو مامۆستا وانەبێژانەی پێشتر لادراون بۆئەوەی بخرێنە شوێنی ئەو مامۆستایانەی خانەنشین دەبن. ئاشکراشی کرد، مامۆستا خانەنشینەکان دەتوانن تاوەکو مانگی حوزەیرانی 2026 لە کارەکانیان بەردەوام بن.
کێشەی وانەبێژە لادراوەکان چییە؟
عەبدوڵڵا شێخ زەرد، یەکێک لەو مامۆستا وانەبێژانەی لە کارەکەی لادراوە، بە رووداوی راگەیاند، "پێشتر بۆ پڕکردنەوەی میلاک و بەشە وانەی ئەو مامۆستایانەی لە مۆڵەتدا بوون، دادەمەزراین؛ بەڵام کاتێک مامۆستاکان دەگەڕانەوە سەر کارەکانیان، ئێمە دەبەخشراین و لە کار لادەدراین."
ئەو مامۆستایە ئاماژەی بەوەش کرد، ژمارەیان زیاتر لە 300 مامۆستایە و ناوەکانیان لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانە. داواکاریی سەرەکییان ئەوەیە، وەک "مامۆستای گرێبەست" لە شوێنی ئەو مامۆستایانەی خانەنشین دەبن، دابمەزرێن.
روونکردنەوەی پەروەردەی راپەڕین
لە لایەکی دیکەوە محەممەد کەریم، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی راپەڕین لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆی رووداو ئاماژەی بەوە کرد، ژمارەی ئەو مامۆستایانەی بە "وانەبێژی لادراو" دەناسرێن لە سنووری ئیدارەی راپەڕین، نزیکەی 800 مامۆستایە.
سەبارەت بە ئەگەری دامەزراندنیان لە شوێنی خانەنشینان، محەممەد کەریم گوتی، "بەپێی بڕیارێک، ئەو مامۆستایانەی تەمەنی خانەنشینییان هاتووە، دەتوانن تاوەکو 1ی حوزەیرانی 2026 لە کارەکانیان بەردەوام بن، هەموو شایستە داراییەکانیشیان بۆ خەرج دەکرێت. بۆیە تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک نییە وانەبێژە لادراوەکان بخرێنە شوێنی ئەوان."
تەنیا یەک رێگە بۆ دامەزراندنیان ماوەتەوە
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی راپەڕین ئەوەشی خستەڕوو، ناوی ئەو مامۆستا وانەبێژانە لە ئەنجوومەنی وەزیران هەیە و تەنیا لە یەک حاڵەتدا دادەمەزرێنەوە، ئەویش ئەوەیە، "هەر کاتێک مامۆستایەکی (گرێبەست) بە هەر هۆکارێک دەست لە کار بکێشێتەوە، یان شوێنەکەی چۆڵ بێت، ئەوا مامۆستایەکی وانەبێژی لادراو لە شوێنەکەی دادەنرێت."