CPJ سەرکۆنەی دەستبەسەرکردنی تیمی رووداو دەکات: "هەوڵێکە بۆ شاردنەوەی راستییەکان"
رووداو دیجیتاڵ
کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەڤانان (CPJ) نیگەرانیی خۆی لە دەستبەسەرکردنی تیمی تۆڕی میدیایی رووداو و پێشێلکارییەکان بەرامبەر میدیاکاران لە حەلەب دەردەبڕێت و رایدەگەیێنێت: "رێگەدان بە چەند دەزگایەکی دیاریکراو بۆ رووماڵکردن، هەوڵێکی ئاشکرایە بۆ شاردنەوەی راستییەکان."
سارا قودە، بەڕێوەبەری هەرێمیی CPJ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا رایگەیاند، زۆر نیگەرانن لەو پێشێلکارییانەی ئەم دواییە بەرامبەر بە میدیا لە حەلەب کراون و رۆژنامەڤانانی خستووەتە مەترسییەوە.
بە گوتەی سارا قودە، رێگەدان تەنیا بە چەند رۆژنامەڤان و دەزگایەکی میدیایی دیاریکراو بۆ رووماڵکردنی پێشهاتەکان، "هەوڵێکی ئاشکرایە بۆ کۆنترۆڵکردنی گێڕانەوەکان و شاردنەوەی راستییەکان لە رای گشتی."
CPJ داوا لە دەسەڵاتدارانی سووریا دەکات رێگە بە هەموو رۆژنامەڤانان بدەن بە ئازادی رووماڵ بکەن.
دەستبەسەرکردنی تیمی رووداو
رۆژی 10ی کانوونی دووەم، هێزە ئەمنییەکانی سووریا بۆ ماوەی چەند کاژێرێک ڤیڤیان فەتاح، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداو لە حەلەب و ئەلەند عیسای وێنەگریان دەستبەسەرکرد، لەکاتێکدا سەرقاڵی رووماڵکردنی رووداوەکانی گەڕەکە کوردییەکانی ئەشڕەفییە و شێخ مەقسوود بوون.
نووسینگەی پەیوەندییە گشتییەکانی رووداو بە CPJـی راگەیاندووە، رۆژنامەڤانەکانی رووداو، "تەنیا لەبەر ئەوەی کوردن، بە تیرۆر و شێواندنی راستییەکان تۆمەتبار کراون."
هەر هەمان رۆژ، عەدنان ئیمام، رۆژنامەڤانی تەلەفیزیۆنی سووریا (Syria TV) لە حەلەب لەلایەن هێزەکانی سوپای سووریاوە دەستگیرکرا، هۆکارەکەشی وێنەگرتنی کاروانێکی سەربازی بووە.
عەدنان بە CPJی گوتووە: "هەرچەندە مۆڵەتی فەرمیم لە وەزارەتی بەرگرییەوە هەبوو، بەڵام هەماهەنگییەکی خراپ لەنێوان یەکە ئەمنییەکاندا هەبوو کە بووە هۆی راگرتنم." ناوبراو دوای نزیکەی 12 کاژێر ئازاد کراوە.
"قۆرخکاریی رووماڵ"
رۆژنامەڤانێکی سەربەخۆ بە کۆمیتەکەی راگەیاندووە، رێگری لە زۆربەی رۆژنامەڤان و دەزگا میدیاییە سەربەخۆکان کراوە و تەنیا رێگە بەو میدیایانە دراوە کە لە حکومەتەوە نزیکن، وەک (جەزیرە و TRT).
ئەو رۆژنامەڤانە دەڵێت: "ئەوە قۆرخکارییەکی ئاشکرای رووماڵی رۆژنامەڤانیی بێلایەن بوو. دیارە دیمەن و راستیی تاڵ هەبوون کە دەسەڵاتداران نایانەوێت پیشانی جیهان بدرێن."
لەمبارەیەوە عومەر حاج ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری رۆژنامەڤانان لە وەزارەتی راگەیاندنی سووریا لە وەڵامی پرسیارەکانی CPJـدا رایگەیاندووە: "رێگرییەکان تەنیا لەبەر هۆکاری سەلامەتی و پاراستنی گیانی رۆژنامەڤانان سەپێنراون."