شارەوانیی هەولێر: داشکاندنی پارەی زبڵ و هەڵواسینی تابلۆ کۆتایی دێت
رووداو دیجیتاڵ
شارەوانی هەولێر رایگەیاند، داشکاندنی 20%ی کرێی کۆکردنەوەی زبڵ و هەڵواسینی تابلۆ لەم مانگەدا کۆتایی دێت، ئەوانەی دەیانەوێت سوودمەند بن سەردانی شارەوانی بکەن.
کاروان هادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "29ی ئەم مانگە ئەو کاتە کۆتایی دێت، کە دیاریکراوە بۆ داشکاندنی کرێی فڕێدانی زبڵ و تابلۆ هەڵواسراوەکان، ئەوانەی دەیانەوێت سوودمەند بن، دەتوانن پێش ئەو کاتە سەردانی شارەوانی بکەن."
سەرۆکی شارەوانیی هەولێر گوتیشی، "بەشێک لەوانەی پارەیان لایە، ناوچەکانی پیشەسازی، نەخۆشخانەکان و شوێنە گشتییە هاوشێوەکانن، ئەوان گرێبەستیان لەگەڵ شارەوانیمان هەیە و دەتوانن لەو کاتەی ماوە سوود لە داشکاندنەکە وەربگرن."
سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر ئەمڕۆ رایگەیاند، دوای وادەی دیاریکراو لە داشكاندن لە کرێی خۆڵ و خاشاک، رسووماتی پیشەیی، هەڵواسینی تابلۆ و کرێچییەکانی شارەوانی، "هیچ داشکاندنێک ئەنجام نادرێت."