بەرگریی شارستانیی دهۆک: پار زیاتر لە 1400 ئاگرکەوتنەوە تۆمار کراون

 
رووداو دیجیتاڵ

پار لە سنووری پارێزگای دهۆک 16 کەس بەهۆی خنکان و سووتانەوە گیانیان لەدەستداوە. گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی پارێزگاکە دەڵێ، 1418 رووداوی ئاگرکەوتنەوەش تۆمار کراون.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 12-01-2026 بێوار عەبدولعەزیز، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا ئاماری رووداوەکانی تایبەت بە ساڵی 2025ی خستەڕوو و رایگەیاند، پار بەگشتی 1418 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە سنووری پارێزگاکە تۆمار کراون کە بەراود بە ساڵی 2024 ژمارەکە کەمی کردووە.
 
بە گوتەی بێوار عەبدولعەزیز، لەو ژمارەیە 408یان تایبەت بوون بە ئاگرکەوتنەوە لە دووکان، بازاڕ، بەنزینخانە و ئۆتۆمبێلەکان و، 1010 رووداویش ئاگرکەوتنەوەی دارستان، پووشوپاوان و زەویی کشتوکاڵی بوون.
 
وەک گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک گوتی، پار لە رووداوەکاندا 16 کەس گیانیان لەدەستداوە کە 10یان بەهۆی سووتان بووە و شەش کەسیش لە بەنداو و رووبارەکاندا خنکاون.
 
بەگوێرەی ئامارەکان، هەر لەو ماوەیەدا 8 کەس بەهۆی ئاگرکەوتنەوەوە بریندار بوون. بێوار عەبدولعەزیز دەڵێت، بەگشتی تیمەکانیان 14 کەسیان رزگار کردووە، کە لە بەنداو و رووبارەکان کەوتوون یان بەهۆی رووداوی هاتووچۆ لە ئۆتۆمبێلەکاندا گیریانخواردبوو.
 
هاوکات گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک ئاماژەی بەوە کرد، ساڵی 2025، نۆ گوللەتۆپی نەتەقاوەیان لە ناوچەی جیاجیا هەڵگرتووەتەوە کە مەترسییان بۆ سەر خەڵک هەبوو.
 
بەپێی ئامارەکان، بەگشتی پار زیانی رووداوەکانی سنووری پارێزگاکە گەیشتووەتە شەش ملیار و 591 ملیۆن دینار کە بەراورد بە ساڵی 2024 قەبارەکە کەمی کردووە.
 
بێوار عەبدولعەزیز ئەوەشی خستەڕوو، بۆ دڵنیابوونەوە لە پابەندبوون بە رێنماییەکانی بەرگریی شارستانی، پار پشکنینیان بۆ هەشت هەزار و 290 شوێن کردووە کە بریتی بوون لە باڵەخانە، بەنزینخانە، چێشتخانە و کۆمەڵێک شوێن گشتیی دیکە.