ئەو گەنجەی لە کۆیە خۆی خنکاند وەسیەتێکی کورتی کردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ ئەحمەد محەممەدی تەمەن 19ساڵان لە شاری کۆیە بە پەت خۆی هەڵواسی و گیانی لەدەستدا. کۆتا پۆستی کە لە هەژماری فەیسبووکەکەی دایناوە وەکو وەسیەتێک بووە بۆ هاوڕێکانی کە تێیدا داوای ئەوە دەکات یارمەتی کۆمەڵێک خەڵکی هەژار بدەن.
 
ئەحمەد محەممەد لە پۆستەکەیدا دەڵێت: "ئەگەر مردم، وەسیەتم ئەوەیە کە هەندێک خەڵکی هەژار لە گردی جولەکەکان هەن لە کۆیە، ئەوەندە هەژارن هەندێکیان نان نییە بیخۆن، تکایە یارمەتیان بدەن. زۆر بەزەییم پێیاندا دێتەوە".
 
عەلی عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پۆلیسی کۆیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: کاژێر 06:30 خولەکی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ گەنجێکی تەمەن 19 ساڵ کە قوتابی بووە و لە پۆلی 6ـی ئامادەییە لە ماڵەکەی خۆیاندا خۆی بە پەت هەڵواسیوە و خۆی خنکاندووە.
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی کۆیە، باوکی کە بۆ نوێژ هەڵساوە ئەوکات زانیویەتی کوڕەکەی بەناوی ئەحمەد محەممەد زاهیر، خۆی خنکاندووە و ئێستا تەرمەکەی لە نەخۆشخانەیە. 
 
سەبارەت بە لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس لە هۆکاری خۆکوشتنەکەی، عەلی عەبدوڵڵا گوتی، بەپێی قسەی خێزانەکەی هیچ کێشەیەکی نەبووە بەڵام "نەخۆشیی دەروونی" هەبووە و پێدەچێت هۆکارەکەی ئەوەبێت.