پرسەنامەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کۆچی دواییی پاتریارک مار ئەدای دووەم
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پاتریارک مار ئەدای دووەم، پاتریارک و سەرۆکی کەنیسەی کۆنی رۆژهەڵاتی لە عێراق و جیهان کۆچی دواییکرد، بەوبۆنەیەشەوە سەرۆکی هەرێمی کوردستان پرسەنامەیەکی راگەیاند و سەرەخۆشی لە کریستیانەکانی کوردستان و عێراق و پەیڕەوانی کەنیسەی کۆنی رۆژهەڵاتی دەکات.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان نووسیویەتی "بەداخەوە هەواڵی کۆچی دوایی قەداسەتی پاتریارک مار ئەدای دووەم، پاتریارک و سەرۆکی کەنیسەی کۆنی رۆژهەڵاتی لە عێراق و جیهانمان پێگەیشت."
لە بەشێکی دیکەی پرسەنامەکەدا هاتووە، "بەو بۆنە خەمناکەوە بە گەرمی پرسە و سەرەخۆشی لە هاووڵاتیانی کریستیان لە کوردستان و عێراق و تەواوی پەیڕەوانی کەنیسەی کۆنی رۆژهەڵاتی دەکەم و هاوبهشی خەمیانم."
نێچیرڤان بارزانی دەڵێت، لە خوای مەزن داواکارە گیانی خوالێخۆشبوو بخاتە بەر بهزهیی و میهرەبانیی خۆی و دڵنهوایی و ئارامی بە کەسوکاری و هەموو لایەک ببەخشێت.
هەر ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا نووسیبووی، "بۆ کۆچی دوایی قەداسەتی پاتریارک مار ئەدای دووەم، پاتریارکی کەنیسەی کۆنی رۆژهەڵاتی، پرسە و سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی باوەڕدارانی کەنیسەی کۆنی رۆژهەڵاتی و خوشک و برایانی کریستیان لە ھەرێمی کوردستان و عێراق دەکەم و ھاوبەشی خەمیانم."