خانەنشینی پێشمەرگە لە سلێمانی: نیوەی خانەنشینان مووچەیان وەرنەگرتووە

رووداو دیجیتاڵ 

بڕیاربوو مووچەی خانەنشینانی پێشمەرگە هەشتی شوبات دابەش بکرێت، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ نیوەیان مووچەکەیان وەرنەگرتووە. بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی دەڵێت، کێشەکە لە داهاتی نێوخۆیە و لە هەولێر و دهۆک کێشە نەبووە.
 
شێخ عەزیز عەلی، بەڕێوەبەری خانەنیشینی پێشمەرگە لە سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە، 12ـی شوباتی 2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هۆکاری وەرنەگرتنی هەموو مووچەی خانەنشینانی پێشمەرگە لە سنوورەکە "زۆری پێشمەرگەیە بەگوێرەی بانکەکان".
 
بەرپرسێکی باڵا لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ رووداوی گوت، "وەرنەگرتنی مووچە هۆکاری داهاتی نێوخۆیە لە سنوورەکە. لە هەولێر و دهۆک دابەشکردنی مووچە تەواو بووە".
 
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 30 هەزار خانەنشینی سەربازیی هەن، لەو ژمارەیە نزیکەی 12 هەزاریان لە سنووری سلێمانین.
 
شێخ عەزیز عەلی، بەڕێوەبەری خانەنیشنی پێشمەرگە لە سلێمانی دەڵێت: "لە هەندێک شار بانک هەیە 200 کەسی لایە و یەکەم رۆژ مووچەیان وەرگرتووە، بەڵام لە سلێمانی ژمارەی خانەنشینان زۆرن و ناتوانن لە رۆژێکدا مووچە وەربگرن".
 
بەرپرسەکەی وەزارەتی داراییش ئاماژەی بەوە کرد، "ئەو پارەیەی عێراق بۆ هەرێمی کوردستانی نارد 65%ـی مووچەی پڕدەکردەوە، ئەوەی ماوەتەوە دەبێت لە داهاتی نێوخۆ بدرێت، مانگەکانی 12ـی ساڵی رابردوو و یەکی ئەم ساڵیش داهات کەم بووە، بەتایبەت لە سنووری سلێمانی؛ ئەوانە هۆکارن".
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، مووچەی خانەنشینانی سەربازیی لە سلێمانی نزیکەی 20 ملیار دینارە و نزیکەی نیوەیان وەریانگرتووە، لە "دوو بۆ سێ رۆژ"ی داهاتوودا هەموویان وەری دەگرن.
 
تاوەکو ئەمڕۆ مووچەخۆرانی سەربازیی مووچە بە دەستی لە بانکەکان وەردەگرن.
 
بەپێی ئەو خشتەیەی وەزارەتی دارایی بڵاوی کردەوە، رۆژی 2ـی ئەم مانگە دابەشکردنی مووچەی مانگی یەکی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و 8ـی مانگ کۆتایی بە دابەشکردنەکە هات.