ژووری بازرگانیی سلێمانی لەبارەی بڕیاری دەستگیرکردنی دێرین عوزێری: دەستخۆشیمان هەیە

رووداو دیجیتاڵ
 
ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی لەبارەی تەقەکردن لە سەرمایەدارێکی شارەکە و پاشان هەوڵی ئەمڕۆی هێزە ئەمنییەکان بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباران دەڵێت، "بڕیاری ئەمڕۆی دادگە کە فەرمانی دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی دەرکردووە، بەرز دەنرخێنین".
 
دەشڵێت، "سوپاسی ھەموولایەنی پەیوەندیدار دەکەین کە بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە داکۆکییان لەم دۆسییە ھەستیارە کرد بۆ چەسپاندنی سەروەری یاسا".
 
ئەحمەد کامیل، ئەو سەرمایەدارەیە کە کۆتایی مانگی رابردوو لە بەردەم یانەی کۆمەڵایەتی سلێمانی تەقەی لێكرا و گوایە بە فەرمانی كوێخا دێرین بووە، ئەمڕۆ دووشەممە بە رووداوی گوت، "دوو رۆژ پێش بریندارکردنم زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلارم وەکو سەرانە دابووە کوێخا دێرین."
 

 
هەر ئەمڕۆ و بەر لە رووخاندنی میوانخانەکەی، ئاسایشی سلێمانی روونکردنەوەیەکی لەبارەی هەوڵی دەستگیرکردنی کوێخا دێرین عوزێری بڵاوکردەوە و دەڵێت، لەسەر "داواکردنی سەرانە و پارە وەرگرتن و هەڕەشە لە سەرمایەدارێک" فەرمانی دەستگیرکردنی دەرکراوە و بڕیاری دەستگرتن بەسەر ماڵ و سامانی گوازراوە و نەگوازراوەی دراوە.
 
لە درێژەی راگەیێندراوەکەیدا، ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات، "وەک ھەموولایەک ئاگادارن لە ماوەکانی رابردوودا بازرگانێکی شاری سلێمانی لەلایەن چەند چەکدارێکەوە بەشێوەیەکی نایاسایی و دوور لە ھەموو بەھایەکی کۆمەڵایەتی دەستدرێژی کرایە سەر و بە سەختی بریندارکرا. ئێمە وەک ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی وێڕای ئیدانەکردنی ئەم دەستدرێژییەی کراوەتە سەر یەکیک لە بازرگانەکانی شاری سلێمانی لە ھەمانکاتدا بە ئەرکی خۆمان دەزانین بەرگری لە ھەموو مافەکانی (بازرگانان ـ پیشەوەران و وەبەرھێنەران) بکەین بەبێ جیاوازی".
 
ئەوەش هاتووە کە "لێرەدا وەک ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی بڕیاری ئەمڕۆی دادگە کە فەرمانی دەستگیرکردنی (تۆمەتباران)ـی دەرکردووە بەرز دەنرخێنین و سوپاسی ھەموولایەنی پەیوەندیدار دەکەین کە بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە داکۆکییان لەم دۆسیە ھەستیارە کرد بۆ چەسپاندنی سەروەری یاسا".
 
ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی دەستخۆشى لە سەرۆکی يەكێتیی نيشتيمانى كوردستان دەکات و دەڵێت، "دەستخۆشى لە سەرۆکی يەكێتیی نيشتيمانى كوردستان، بەڕێز بافڵ جەلال تاڵەبانی و جێگری سەرۆکی حكومەتى هەرێمی كوردستان، بەڕێز قوباد جەلال تاڵەبانى دەكەين بۆ پاڵپشتیكردنيان بۆ باڵادەستبوون و سەروەریى ياسا، سەلمانديان كە شارى سلێمانى ژينگەيەكى هێمن و لەباره بۆ سەرجەم وەبەرهێنەران و سەرمايەدار و بازرگان و كاسبكارێک کە سەروەت و سامانيان هەميشە پارێزراوه".