وەزیری کشتوکاڵ: ئەم ساڵ فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە لە بەسرە بەڕێوەدەچێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری کشتوکاڵ ئامانجی بڕیارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بۆ قەدەخەکردنی هەناردەی بەروبوومە کشتوکاڵییەکانی هەرێمی کوردستان بە دروستکردنی کێشە و ئاڵۆزی بۆ جووتیارانی کورد دەزانێت و دەڵێ: ''بەغدا هەموو ساڵێک پێشێلی رۆژژمێری کشتوکاڵیی نێوانمان دەکات.''
ئەمڕۆ پێنجشەممە 12-02-2026، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 14:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئارێز خالید پێشکێشیکرد، سەبارەت بە سەردانەکەی بۆ بەسرە رایگەیاند: ''سەردانەکەمان بۆ پاڵپشتیکردنی جووتیاران و یەکخستنی تواناکانە لەنێوان هەردوو لا، بۆ کردنەوەی بازاڕەکانمان بەڕووی بەروبوومی کشتوکاڵیی یەکدی، لە چوارچێوەی ئەو رۆژژمێرە کشتوکاڵییەی کە لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رێککەوتنمان لەسەر کردووە.''
دوو رۆژە بێگەرد تاڵەبانی بە یاوەریی شاندێک و بە بانگهێشتی فەرمیی ئەسعەد عیدانی، پارێزگاری بەسرە، لەو پارێزگایەیە و لەگەڵ بەرپرسانی ناوچەکە کۆدەبێتەوە. بەگوتەی وەزیری کشتوکاڵ، ئامانجیان لە کۆبوونەوەکان فراوانترکردنی لێکتێگەشتنە کشتوکاڵییەکانی نێوانیانە، بە مەبەستی کەمکردنەوەی ئاستەنگەکانی بەردەم هەناردەکردنی بەروبوومە کشتوکاڵییەکانی هەردوو لا.
لەنێوان بەسرە و هەرێمی کوردستان رێککەوتنێک هەیە بۆ ئەوەی لە وەرزی پێگەیشتنی تەماتە و خورمای پارێزگاکەدا، لە بازاڕ و عەلوەی هەرێمی کوردستان ساخ بکرێتەوە. بێگەرد تاڵەبانی دەڵێت، ''لە بەرامبەردا ئەوانیش لە وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، بازاڕەکانی خۆیان بەڕووی بەرهەمە کشتووکاڵییەکانی ئێمەدا دەکەنەوە.''
''فێستیڤاڵی هەنار دەبرێتە بەسرە و فێستیڤاڵی خورماش دەهێنرێتە هەرێمی کوردستان''
وەزیری کشتوکاڵی ئەوەشی خستەڕوو، لە سەردانەکەیدا، لەگەڵ پارێزگاری بەسرە باسیان لە بەڕێوەبردنی فێستیڤاڵی بەروبوومە کشتوکاڵییەکانی هەردوو لا کردووە، ''وەک قۆناخی یەکەم ئەم ساڵ ئێمە فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە لە پارێزگای بەسڕە دەکەینەوە و ئەوانیش بە هەمانشێوە بۆ خورما دەیانەوێ لە هەرێمی کوردستان فێستیڤاڵێک بەڕێوەببەن.''
بێگەرد تاڵەبانی سەبارەت بە رۆژژمێری کشتوکاڵیی هاوبەش رەخنە لە هەندێک بڕیاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەگرێت و دەڵێ: ''بەداخەوە ئەوان هەموو ساڵێک پێشێلی ئەو رێککەوتنانە دەکەن کە لەگەڵ ئێمە هەیانە، بەبێ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان''.
بەگوێرەی نووسراوێک کە مەهدی جبووری، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ لە 8ی شوباتی 2026، ئاراستەی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی کردووە، داوای لێکردوون رێوشوێنەکانیان تووند بکەنەوە بۆ رێگری لە تێپەڕبوونی چەند بەرهەمێکی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، کە گوایە ئەو بەرهەمانە لە هەرێمی کوردستان ناچێنرێن و بەرهەم ناهێنرێن.
وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، ''بڕیارەکە جۆرێکە لە دروستکردنی ئاڵۆزی و کێشە لە لایەن وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان و جووتیارانی کورد کە لە وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمە ناوخۆییەکاندا دەکرێ.''
''جۆرێک لە متمانە لەنێوان یەکێتی و پارتی دروست بووەتەوە''
لە بەشێکی قسەکانیدا بێگەرد تاڵەبانی کە لەسەر پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەزیرە، باسی لە دانوستاندنەکانی پارتی و یەکێتی کرد سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت و پۆستی سەرۆککۆماری عێراق.
بەگوتەی ئەو وەزیرەی یەکێتی، پێویستە متمانەی نێوان حیزبەکەی و پارتی لە گفتوگۆکاندا بگەڕێتەوە، ''ئەو کۆبوونەوانەی کە لە رۆژانی رابردوودا کراون، پێموایە هۆکار بوون بۆ ئەوەی کە جۆرێک لە متمانە لە نێوان سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، دروست بکرێتەوە.''
دوێنێ چوراشەممە سەرۆک بارزانی و بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پیرمام کۆبوونەوە. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، گفتوگۆ لەبارەی بەربژێری سەرۆککۆماری عێراق و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە. بێگەرد تاڵەبانی ئەوەشی خستەڕوو، ''ئەوەی کە من ئاگادارم، لەسەر ناوی هیچ کەسێک وەک بەربژێری پۆستی سەرۆککۆمار دیاری نەکراوە و هەروەها لەسەر ناوی وەزارەتەکان (لە حکومەتی هەرێمی کوردستان) هیچ جۆرە رێککەوتنێک نەکراوە، بەڵام لەوانەیە زۆر بەستەڵەک کە لە رابردوودا لە نێوانماندا هەبوو، ئێستا لەنێوچووبێت.''
پارتی و یەکێتی بۆچوونی جیاوازیان لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەم هەیە و ئەوەش وایکردووە، ئەو کابینەیە تاوەکو ئێستا پێکنەهێندرێ. ئەو وەزیرەی یەکێتی ئەوەشی خستەڕوو، دوای کۆبوونەوەکە رێگەیەک کراوەتەوە بۆ ئەوەی پارتی و یەکێتی لێکتێگەیشتنی زیاتریان لە چۆنیێتیی رێککەوتن هەبێ، ''بۆ ئەوەی بتوانین متمانە دروست بکەین لەسەر چۆنیێتیی ئیدارەدانی حکومەت لە داهاتوودا.''
بەگوتەی بێگەرد تاڵەبانی، کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆک بارزانی و بافڵ تاڵەبانی ''ئاسانکاریی گەورە'' دەکات بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دیاریکردنی بەربژێرێکی هاوبەشی کورد بۆ پۆستی سەرۆککۆمار.
19 بەربژێر کێبڕکێ دەکەن بۆ بوونە سەرۆککۆمار، دیارترینیان فوئاد حوسێن، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان و نزار ئامێدی، بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن.