دەزگای روانگە کۆتاییهاتنی خولێکی راهێنانی پێداگۆجی بۆ کارمەندانی وەزارەتی کار رادەگەیێنێت


رووداو دیجیتاڵ

لە هەولێر خولێکی راهێنانی پێداگۆجی بۆ کارمەندانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بەڕێوەچوو. بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای روانگە دەڵێ، بە هاوکاری رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی، راهێنان بە 25 کەس کراوە و ئەمڕۆ  بڕوانامەی راهێنەر لە راهێنانی پیشەیی وەردەگرن.
 
رۆژی پێنجشەممە، 12-02-2026، لە نووسینگەی هەولێری دەزگای روانگە، رێوڕەسمی کۆتاییهاتنی راهێنانی پێداگۆجی، بۆ ژمارەیەک لە کارمەندانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.
 
لە رێوڕەسمەکەدا، حەسەن شێخ عەلائەدین، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای روانگە گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، لە خولەکەدا راهێنان بە 25 کەس کراوە و بە هاوکاریی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی هەولێر و رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی بەڕێوەچووە.
 
بەگوتەی حەسەن شێخ عەلائەدین، ئەو کارمەندانەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کە ئەمڕۆ بڕوانامەی راهێنەری لە راهێنانی پیشەیی وەردەگرن و بە فەرمی دەبنە راهێنەر
 
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای روانگە گوتی: ''هیوادارین بتوانن دەستی کار لە هەرێمی کوردستان ببووژێننەوە و پەرەی پێبدەن.''
 
ئامانجی سیستمی پێداگۆجی یان زانستی وانەگوتنەوە راهێنانی مامۆستا و راهێنەرە لە بوارە جیاجیاکاندا. بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای روانگە ئاماژەی بەوە کرد، ئەو خولەی راهێنان، 100 کاژێری خایاندووە لە دوو هەفتەدا.
 
دەزگای روانگە و رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی بە هاوبەشی خەرجییەکانی ئەم خولەی راهێنانی پێداگۆجییان لە ئەستۆ گرتووە.