زانیاریی رووداو: مەزڵووم عەبدی لە کۆنفرانسی میونشن بەشدار دەبێت


رووداو دیجیتاڵ 

بە گوتەی ژمارەیەک بەرپرسی ئەمریکی و رۆژئاوای کوردستان کە قسەیان بۆ دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی واشنتنی رووداو کردووە، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە ئەڵمانیا بەشدار دەبێت و لە پەراوێزدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سووریا کۆدەبێتەوە. 
 
هەر بە گوتەی ئەو سەرچاوانە، کە رۆژی پێنجشەممە، 12ـی شوباتی 2026، قسەیان بۆ رووداو کردووە، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریاش لە کۆنفرانسەکەدا بەشدار دەبێت، کە گەورەترین کۆڕبەندی ئاسایشی جیهانە و لە 13 تاوەکو 15ی شوبات بەردەوام دەبێت. 
 
سەرچاوەکان بە رووداویان رایگەیاندووە، مەزڵووم عەبدی و شەیبانی بە جیا بانگهێشتی کۆنفرانسەکە کراون، بەڵام لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەدا، کۆدەبنەوە. 
 
ئەمە دوای ئەوە دێت کە هەسەدە و حکومەتی راگوزەری سووریا لە 29ی کانوونی دووەم رێککەوتنێکیان واژۆ کرد بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی خوێناوی نێوانیان و تێکەڵکردنی هەسەدە بە سوپای سووریا. 
 
کۆبوونەوەی فەرماندەی هەسەدە و وەزیری دەرەوەی سووریا لە میونشن بە واتەی ئەوە دێت کە پرسی کورد لە رۆژئاوای کوردستان لە سەکۆیەکی گرنگی جیهانیدا تاوتوێ دەکرێت. 
 
کۆنفرانسی میونشن یەکێکە لە گرنگترین کۆنفرانسەکانی ئاسایش لە جیهاندا و تێیدا سەرکردە و بەرپرسانی وڵاتان کۆدەبنەوە و گفتوگۆ لەسەر پرسە هەستیارەکانی ئاسایشی جیهاندا دەکەن. ئەم ساڵ کۆنفرانسەکە لە 13ـی شوبات تاوەکو 15ـی هەمان مانگ بەڕێوەدەچێت.