لە بۆکان سێ برا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکران

 
رووداو دیجیتاڵ

هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە گوندێکی سەر بە شاری بۆکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، سێ برایان دەستبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستنەوە.
 
بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی (کوردپا) دوێنێ چوارشەممە هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکووتاوەتە سەر گوندی (قەرەموسالی) سەر بە شاری بۆکان و سێ هاونیشتمانییان دەستبەسەر کردووە کە هەر سێیان برای یەکدین.
 
ئەو سێ برایەی دەستبەسەرکراون ناویان بریتییە لە: (مووسا دادیار، حەمزە دادیار و ناسر دادیار). تاوەکو ئێستا هۆکاری دەستبەسەرکردنیان و ئەو تۆمەتانەی ئاراستەیان کراوە، لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە رانەگەیێندراوە.
 
ئەم دەستبەسەرکردنە لەکاتێکدایە، بەپێی ڕاپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، شەپۆلێکی بەرفراوانی دەستبەسەرکردنی هاونیشتمانییان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستیپێکردووە.
 
ناڕەزایەتییەکان لە 28ـی کانوونی یەکەمی 2025ـەوە لە دژی گرانی و دابەزینی بەهای تمەن لە تارانەوە دەستیپێکرد و دواتر زۆربەی پارێزگاکانی ئێرانی گرتەوە و لە زۆر شار گرژیی لێکەوتەوە.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی ئاژانسی چالاکڤانانی مافی مرۆڤی ئێران (هرانا)، لە سەرەتای ئەو ناڕەزایەتییانەوە تاوەکو ئەمڕۆ 52 هەزار و 941 کەس لە سەرانسەری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەستبەسەرکراون.