ئاراستەیەکی گۆڕان داوای بەستنی کۆنفرانس لە 16ـی ئەم مانگە دەکات و ئاراستەکەی دیکە سکاڵا تۆمار دەکات

رووداو دیجیتاڵ

ئاراستەی گەڕەکی کوردساتی بزووتنەوەی گۆڕان جەخت دەکاتەوە، دووشەممە 16ـی ئەم مانگە کۆنفرانسی گشتیی لە شاری کەرکووک دەکەن. بەرپرسێکی ئاراستەی گردی زەرگەتەی گۆڕان دەڵێت، سکاڵایان دژی دیاریکردنی رۆژی کۆنفرانس کردووە.
 
رێبەند ئەحمەد، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان کە ئێستا بارەگای سەرەکییان لە گەڕەکی کوردساتە لە سلێمانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "وەکو پلان دانراوە 16ـی ئەم مانگە کۆنفرانسی گشتیی بزووتنەوەکەمان لە شاری کەرکووک بەڕێوەدەچێت".
 
رێبەند ئەحمەد گوتیشی: "رۆژەکە کۆمیسیۆن دیاریکردووە، هەموو ئەوانەی مافی بەشداربوونیان لە کۆنفرانس هەیە دەتوانن بەشداریی بکەن، رێژەی بەشداربوونیش هەرچەند بێت کۆنفرانس یەکلایی دەبێتەوە و بەڕێوەدەچێت".
 
هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رۆژی کۆنفرانس دەبوو رێگەپێدراوی حیزب دیاری بکات، نەوەکو کۆمیسیۆن، ئەوەی کراوە دژی یاساکانە و سکاڵامان تۆمار کردووە".
 
ئاراستەی گردی زەرگەتەی بزووتنەوەی گۆڕان بە گومانن لە دیاریکردنی شوێن و کاتی کۆنفرانسەکە و دەڵێن: "بەڵگەمان هەیە برادەرانی کوردسات پێشتر خۆیان رێککەوتوون کۆنفرانس لە کەرکووک بێ، واتا ئەوان بە کۆمیسیۆنیان گوتووە کەرکووک، کۆمیسیۆنیش جۆرێک لە لایەنداری بۆ ئەوان هەبووە".
 
کێشەی نێوان دوو ئاراستەی بزووتنەوەی گۆڕان زیاتر لە ساڵێکە بەردەوامە و تاوەکو ئەمڕۆ هیچ کام لەو دوو ئاراستەیە کە هەردوولایان خۆیان بە خاوەنی بزووتنەوەکە دەزانن، نەیانتوانیوە بە فەرمی خاوەنداریی ئەو حیزبە بەدەستبێنن.
 
2ی ئەم مانگە لە راگەیێندراوێکدا کە بەناوی (بزووتنەوەی گۆڕان)ەوە بڵاویان کردەوە، ئاراستەی گەڕەکی کوردساتی بزووتنەوەکە رایگەیاند، پشتبەست بە بڕیاری ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی دووشەممە 16ی شوبات وەک کاتی بەستنی کۆنفرانسی بزووتنەوەی گۆڕان لە شاری کەرکووک دیاریکراوە و پێیەوە پابەندن.
 
هەردوو ئاراستەکەی گۆڕان لەوە ئاگادار کراونەتەوە، ئەو کەسانەی مافی بەشداربوونیان لە کۆنفرانسەکەدا هەیە ئەوانەن ساڵی 2017 بۆ نوێکردنەوەی مۆڵەتی گۆڕان ناویان لە بەغدا تۆمار کراوە و ژمارەیان زیاترە لە 2100 کەس.
 
رێبەند ئەحمەد دەڵێت: "دەبێت لە کۆنفرانسی 16ی ئەم مانگەدا رێکخەری گشتی و ئەندامانی سەرکردایەتیی بزووتنەوەکە هەڵبژێردرێن."
 
5ی ئەم مانگە بزووتنەوەی گۆڕان لە گەڕەکەی کوردسات کۆبووەوە و لە راگەیێندراوێکدا رایانگەیاند، "ئەم قۆناخە تەنیا بە کاری پێکەوەیی و یەکڕیزی تێدەپەڕێ، ئامانجمان ئەوەیە هەمووان بەیەکەوە و بە گیانی بەرپرسیارێتییەوە بەرەو کۆنفرانس هەنگاو بنێین بۆ تێپەڕاندنی رێوشوێنە یاساییەکان و نوێکردنەوەی خەباتی سیاسیی بزووتنەوەکە."
 
کۆنفرانسەکانی پێشووی گۆڕان
 
هەردوو ئاراستەکەی گۆڕان پێکەوە و بە جیاش ساڵی رابردوو کۆنفرانسیان بەڕێوەبرد، بەڵام هیچیان لە بەدەستهێنانی رەزامەندی کۆمیسیۆن و خاوەنداریکردنی فەرمیی جووڵانەوەکە سەرکەوتوو نەبوون.
 
رۆژی 24-05-2025، بزووتنەوەی گۆڕان کۆنفرانسێکی هاوبەشی لە شاری سلێمانی کرد، بەڵام بەهۆی ناکۆکی هەردوو ئاراستەکەوە بێ ئەنجام کۆتایی هات و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق پەسندی نەکرد.
 
هەردوو ئاراستەکەی گۆڕان ناکۆکییان لەسەر دەستووری بزووتنەوەکە هەیە. لە گردەکە دەڵێن بەپێی دەستوورەکەیان نابێت لە کۆنفرانس رێکخەر هەڵبژێردرێ، ئاراستەکەی دیکە دەڵێن، مەرجی کۆمیسیۆنە رێکخەر هەڵبژێردرێت.
 
لە 05-04-2025 ئاراستەی گردی زەرگەتەی بزووتنەوەکە کۆنفرانسی گشتی کرد؛ ئاراستەکەی دیکەی بزووتنەوەکە 26ـی نیسانی هەمان ساڵ کۆنفرانسێکی بەڕێوەبرد، بەڵام هیچیان بۆ خاوەنداریکردن لە حیزبەکە پەسندکردنیان لە کۆمیسیۆنەوە پێنەدرا.
 
بەگوێرەی دەستووری نێوخۆی گۆڕان، بزووتنەوەکە پێکدێت لە خانەی راپەڕاندن، جڤاتی نیشتمانی، جڤاتی گشتی، ژوورەکان، فراکسیۆنەکانیان لە پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان، ئەنجوومەنی قەزاکان و تیمی گۆڕان لە حکومەت.
 
جڤاتی نیشتمانی (ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و رێکخەر) باڵاترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لە گۆڕاندا.
 
بەپێی دەستووری نێوخۆیی بزووتنەوەکە، خانەی راپەڕاندن بەرپرسە لە جێبەجێکردنی بڕیار و راسپاردەکانی جڤاتی نیشتمانی. خانەکە لە 7 کەس پێکدێت، "رێکخەری گشتی، سکرتێرەکانی کاروباری جڤاتی نیشتمانی، فراکسیۆن، ژوورەکان و باژێرڤانەکان و سەرۆکی جڤاتی گشتی."