وەزارەتی دارایی: هەفتەی داهاتوو بۆ مووچەی کەمئەندامانی سەنگەر دەچینە بەغدا
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، هەفتەی داهاتوو شاندێکیان بۆ چارەسەرکردنی پرسی مووچەی کەمئەندامانی سەنگەر سەردانی بەغدا دەکات؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە بەغدا 36 ملیار دینار کەمتر لە شایستەی مووچەی هەرێمی کوردستانی ناردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ژمارەیەک لە کەمئەندامانی سەنگەری سەر بە یەکەی 80 لە شاری سلێمانی گردبوونەوە و رایانگەیاند، مووچەی مانگەکانی 9 و 10ی ساڵی رابردوویان وەرنەگرتووە و داوای مافەکانیان دەکەن.
هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ (رووداو) وەڵامی داواکاریی ئەو کەمئەندامانەی دایەوە و گوتی: "پرسی مووچەی کەمئەندامانی سەنگەر لای ئێمە زۆر گرنگە. هەفتەی داهاتوو شاندێکی وەزارەتی دارایی بەو مەبەستە دەچێتە بەغدا، چونکە وەزارەتی دارایی عێراق 36 ملیار دینار کەمتر لە شایستەی دارایی هەرێمی کوردستانی ناردووە و پارەی ئەو پێشمەرگانەش لە چوارچێوەی ئەو پارەیەدا بووە کە کەمکراوەتەوە."