ئەو گەنجەی لە سلێمانی ئاگری لە جەستەی بەردا، گیانی لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
چەند رۆژێک لەمەوبەر، گەنجێک لە چیای گۆیژەی سلێمانی ئاگری لە جەستەی بەردا و دواجار بەهۆی زۆریی رێژەی سووتاوییەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
گەنجەکە لە مارکێتێک کاری دەکرد و بەهۆی دروستبوونی کێشەیەک لەگەڵ خاوەن مارکێتەکەدا، نزیکەی هەفتەیەک لەمەوبەر لە چیای گۆیژە لە سلێمانی بەنزینی بەخۆیدا کرد و ئاگری لە جەستەی بەردا.
سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، گەنجەکە لە نەخۆشخانەی ئیمێرجێنسی گیانی لەدەستداوە و وەکو تۆمەتباریش کەسێکیان دەستگیردووە.
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، گەنجەکە کاشێر بووە لە مارکێتێک، خاوەنی مارکێتەکە دوای پێداچوونەوە بە پارە و فرۆشراوەکاندا گوتوویەتی پارە کەمیکردووە و گەنجەکەی تۆمەتبار کردووە، دواتر گەنجەکە مارکێتەکەی جێهێشتووە و پاش چەند رۆژێک خاوەنی مارکێتەکە بە باوکی گەنجەکەی گوتووە سەردانی بکات و کێشەکەیان چارەسەر بکەن؛ باوکی گەنجەکەش لۆمەی کوڕەکەی کردووە و ئەوەش "هۆکاری خۆسووتاندنەکە بووە".
بەبڕیاری دادوەر خاوەنی مارکێتەکە و سەرپەرشتیارەکەی دەستگیرکراون، دواتر بە بڕیاری دادوەر خاوەنی مارکێتەکە ئازاد کراوە، بەڵام سەرپەرشتیارەکە لە زیندانە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت.