هاونیشتمانییەکی تەمەن 76 ساڵ لە خانەقین گیانی لەدەستدا؛ "بە تاپڕ خۆی کوشتووە"
رووداو دیجیتاڵ
لە قەزای خانەقین لە پارێزگای دیالە، هاونیشتمانییەکی تەمەنی 76 ساڵ گیانی لەدەستدا و پۆلیسی دیالەش دەڵێت، "خۆی کوشتووە."
عەقید هەیسەم سەلمان شەمەری، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دیالە رۆژی سێشەممە 12ی ئاداری 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دەوروبەری کاژێر 11:00ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە پیاوێکی بەتەمەن بەناوی حەسەن عەلی خان کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا."
گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دیالە گوتی، رووداوەکە لە ناوچەی ئەرکەوازی کۆن لە قەزای خانەقین روویداوە و ئاماژەی بەوەش کرد، هاونیشتمانییەکە کاسب و لەدایکبووی ساڵی 1948 بووە و باری دەروونیی تەواو نەبووە.
هەیسەم شەمەری ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو هاونیشتمانییە "بە تاپڕ کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە."
سەلاح مەهدی مەجمەعی، بەڕێوەبەری ئۆفیسی دیالە لە کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق، رۆژی 21ی کانوونی دووەمی 2024 رایگەیاند، لە ساڵی 2023دا 38 رووداوی خۆکوشتن لە پارێزگای دیالە تۆمار کراون. ئاماژەی بەوەش کرد، ژمارەکە لە ساڵی 2022دا 17 رووداو بووە.