لە سلێمانی کەسێک بە تۆمەتی وەرگرتنی پارەی جەژنانە دەستگیرکرا

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، کەسێکیان دەستگیرکردووە و بە تۆمەتی وەرگرتنی پارەی جەژنانە و بەناوی کۆمپانیای پاککەرەوە. بەرپرسێک لە شارەوانی هەولێر دەڵێ، دژی جەژنانە نین بۆ کرێکارانی پاککەرەوە و رێگەش نادەن، کە بەناوی کرێکارەکانەوە پارە وەربگیرێت. 
 
تۆمەتبارەکە لە گەڕەکی زەرگەتە لە سلێمانی دەستگیرکراوە. پۆلیس لە راگەیێندراوەکەیدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوی کردووەتەوە، رایگەیاندووە: "تۆمەتبارەکە نزیکەی 150 هەزار دیناری لە هاووڵاتییان وەرگرتبوو و دەستی بەسەردا گیرا".
 
پۆلیسی سلێمانی ناسنامەی تۆمەتبارەکانی بە (ر، أ، خ) و لە دایکبووی ساڵی 2002 راگەیاندووە. ئاماژەی بەوەشکردووە بە بڕیاری دادوەر  و بەپێی مادەی 240 لە یاسای سزادانی عێراقی لێکۆڵینەوە لە تۆمەتبارەکە دەکرێت.
 
ژیار جەلال، بەرێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی لە هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کرێکارانی ژینگەپارێزی ساڵێک 12 مانگ کار دەکەن، لە جەژنەکاندا خەڵکانی بەخشندەی هەولێر بە بڕە پارەیەک هاوکارییان دەکەن، ئەوە بووە بە کولتوورێکی جوان و ئێمە دژی نین".
 
ژیار جەلال داوا دەکات، خەڵک کرێکارە راستەقینەکان بناسانەوە پاشان جەژنانەیان پێ بدەن. گوتیشی: "هەر گەڕەکە و تیمێک پاکی دەکەنەوە چەند ساڵێکە لەو گەڕەکەن، هەروەها کرێکارەکان داوای جەژنانەیان کرد دەبێ ئۆتۆمبێلی کۆمپانیای پاککەرەوەیان لەگەڵدا بێ و بەوە دەتوانن بیانناسنەوە".
 
لەگەڵ رێنماییەکانیشدا، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگە پارێزی لە هەولێر گوتی، هەر کەسێک بە ناوی کرێکاری ژینگەپارێزەوە پارەی جەژنانە وەربگرێت و کرێکاریش نەبێ، لیژنەکانی قایمقامییەتی ناوەندی هەولێر رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگرنە بەر.