وەزارەتی دارایی: خەرجنەکردنی بەشێکی مووچەی خانەنشینان بەهۆی رێکاری کارگێڕییەوە بووە


رووداو دیجیتاڵ

جێگری سکرتێری کۆمەڵەی پێشمەرگە کەمئەندامەکانی سەنگەر دەڵێ، زیاتر لە 800 ئەندامیان سێ مانگە هیچ مووچەیەکیان وەرنەگرتووە. وەزارەتی دارایی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، بەهۆی تەواو نەبوون و پەسندنەکردنی دۆسیەکانیان نەتوانراوە لە مانگی شوباتدا بخرێنەوە نێو لیستی مووچەوە، بۆیە پارەیان بۆ نەنێردراوە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 12ـی ئاداری 2026، نەسرەدین محەممەد، جێگری سکرتێری کۆمەڵەی پێشمەرگە کەمئەندامەکانی سەنگەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "زیاتر لە 800 ئەنداممان مووچەی مانگی دوویان لە بەغداوە نەنێردراوە، لەکاتێکدا مووچەی مانگەکانی 10ـی پار و یەکی ئەم ساڵیشیان وەرنەگرتووە".
 
نەسرەدین محەممەد گوتی: "وەزارەتی دارایی دەڵێ، مووچەی داهاتوو هەموو مووچەکان پێکەوە وەردەگیرێن. دواکەوتنەکەش بەهۆی رۆتینی گواستنەوەی مامەڵەکان بووە لە یەکەکانی پێشمەرگەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی خانەنشینی".
 
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: وەکو بەرچاو روونییەک بۆ هەموو لایەک؛ زیادکردنی ناوی فەرمانبەر یان خانەنشین یان هەر مووچەخۆرێک لە لیستی مووچەی مانگانە پەیوەندی بە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم[ـی کوردستان]ـەوە نییە، بەڵکوو ئەو رێکارە پەیوەستە بە وەزارەت و یەکە ژمێریاریەکانی دەرەوەی وەزارەتی دارایی".
 
وەزارەتیی دارایی دوو خاڵی وەکو "روونکردنەوە" داناوە و دەڵێت:
 
1- ئەو خانەنشینانە کە ناویان لە لیستی مووچەی مانگی شوبات نییە، ژمارەیان لە 801 کەسە و کەمئەندامی سەنگەرن کە پێشتر لەسەر هێزەکانی 70 مووچەیان بۆ خەرج کراوە، لە چوارچێوەی بڕیاری گواستنەوەی دۆسیەی خانەنشینانی سەربازی لە وەزارەتی پێشمەرگەوە بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووریی، بەهۆی تەواو نەبوون و پەسەندنەکردنی دۆسییەکانیان نەتوانراوە لە مانگی شوباتدا بخرێنەوە نێو لیستی مووچە، کاتێک لیستی مووچە و دۆسیەکانیان گەیشتووەتە بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی پێشمەرگە لە وەزارەتی دارایی، لیستی مووچەی مانگی شوبات لەبەغدا بووە".
 
2- لەکاتی وردبینی لە دۆسیەی ئەو خانەنشینانە دەرکەوتووە بەشێکی زۆریان (upn)یان نەبووە و بەشێکیشیان وارسن و مامەڵەی وارسیان بۆ نەکرابوو، دوای ئەنجامدانی وردبینی لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتەوە 750 خانەنشینیان دۆسیەکانیان پەسەند کراوە و لە لیستی مووچەی مانگی ئادار لە سیستمی پەیڕۆڵ داخڵ کراونەتەوە و مووچەیان بۆ بەستراوەتەوە، هەر مووچەخۆرێکیش (upn)ی نەبێت ناتوانرێت داخڵی سیستمی پەیڕۆڵ بکرێت کە لە ئێستادا لیستی مووچە بەو سیستەمە ئامادە دەکرێت".
 
جێگری سکرتێری کۆمەڵەی پێشمەرگە کەمئەندامەکانی سەنگەر ئاماژەی بەوەکرد، 3287 ئەندامیان مووچەی مانگی 10ـی پاریان پێنەدراوە و بڕیاربووە لەگەڵ مووچەی مانگی شوباتی ئەم ساڵ وەری بگرن، ئەم مانگەش پارەکەیان لە بەغداوە بۆ نەنێرداوە.
 
وەزارەتی دارایی لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا رایگەیاندووە: "شایستەی مووچەی سەرجەم ئەو خانەنشینانەی کە لە چەند مانگی رابردوو مووچەکانیان لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە خەرج نەکراوە، وەزارەتی دارایی فیدراڵ دڵنیایی داوە کە ئەو مووچانە وەک شایستەیەک دەمێنێتەوە تاوەکو کاتی پەسەندکردنی بودجە و دواتر هەمووی بەسەریەکەوە خەرج دەکرێتەوە."