پارێزگاری هەولێر: پارچەی درۆنێکی تێکشکێندراو لە نزیک بنکەی هێزەکانی ئیتاڵیا کەوتووەتەخوارەوە
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەولێر دەڵێ، شەوی رابردوو درۆنێک لە ئاسمانی هەولێر تێکشکێندرا و پارچەیەکی لە نزیک بنکەی هێزەکانی ئیتاڵیا لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کەوتە خوارەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 12ی ئاداری 2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، یەکێک لە پارچەکانی درۆنێکی تێکشکێندراو، لە نزیک بنکەی هێزەکانی ئیتاڵیا لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کەوتە خوارەوە.
پارێزگاری هەولێر دەڵێت، کەوتنەخوارەوەی پارچەی درۆنەکە زیانی گیانی بە هێزەکانی ئیتاڵیا نەگەیاندووە.
ئومێد خۆشناو تیشکی خستە سەر گرنگیی بوونی ئەو هێزانە لە هەرێمی کوردستان و رایگەیاند: "ئەو هێزانە مەشق و راهێنان بە پێشمەرگە دەکەن و لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و شەڕی داعش هاتوونەتە ئێرە. هەرێمی کوردستان زۆر سوودیشی لێ بینیون".
هەر ئەمڕۆ جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا رایگەیاند کە "لە نزیکەوە" چاودێریی دۆخی بنکە سەربازییەکەیان لە هەولێر دەکات.
میلۆنی لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا هاوسۆزیی خۆی بۆ سەربازەکانیان دەربڕی و گوتی: "ئیتاڵیا شانازی بەو ئازایەتی و پیشەییبوونەوە دەکات کە هێزەکانمان لەپێناو ئاشتی و ئاسایشدا نیشانی دەدەن."
لەلایەکی دیکەوە گیدۆ کرۆسێتۆ، وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا گوتی، سەربازەکانیان لە کاتی هێرشەکەدا چوونەتە ناو پەناگەکان و هەمویان سەلامەتن، هەرچەندە هێرشەکە زیانی مادی لێکەوتووەتەوە. هەروەها ئەنتۆنیۆ تایانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا هێرشەکەی بە "قبووڵنەکراو" ناوبرد.
ئیتاڵیا نزیکەی 300 سەربازی لە هەرێمی کوردستان هەیە، کە ئەرکی سەرەکییان مەشقپێکردنی هێزی پێشمەرگەیە.ا