قوباد تاڵەبانی: ئەمریکا هیچ داوایەکی لێ نەکردووین؛ بە حیزبەکانی رۆژهەڵاتمان گوتووە وریا بن
رووداو دیجیتاڵ
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی Channel 4ی بەریتانی، باسی لە هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لەبارەی جەنگی ئێستای ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران کرد و رایگەیاند کە ئەوە "جەنگی ئێمە نییە"؛ ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ ئەمریکا و تارانیش لە پەیوەندیدان و پەیامیان بە پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش داوە کە دەبێت "وریا بن."
"ئەمە جەنگی ئێمە نییە"
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی بۆچی هەرێمی کوردستان نایەوێ بچێتە نێو جەنگەکەوە، قوباد تاڵەبانی گوتی: "ئەمە جەنگی ئێمە نییە. ئێمە بەشی پێویست لەنێو جەنگدا بووین."
سەبارەت بەوەی ئایا ئەمریکا هیچ داواکارییەکی هەبووە بۆ بەکارهێنانی خاکی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: "بە هیچ شێوەیەک ئەمریکا داوای لێ نەکردووین رێگە بدەین یان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران هان بدەین لە کوردستانەوە بچنە نێو ئێران. بە رەهایی هیچ داواکارییەکی لەو شێوەیە نەبووە."
پەیام بۆ پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان
سەبارەت بەو پەیامەی هەرێمی کوردستان داویەتییە پارتەکانی رۆژهەڵات کە بنکەکانیان لە هەرێمی کوردستانە، جێگری سەرۆکوەزیران گوتی: "ئێمە پەیوەندییەکی دێرینمان لەگەڵیان هەیە. پەیامی ئێمە بۆ ئەوان پەیامی هۆشیارکردنەوە بووە. پێمان گوتن وریا بن، زیرەک بن، ستراتیجی بن و لەو دۆخە تێبگەن کە لەودیوی سنوور هەیە. پەلە مەکەن لە شتێک کە رەنگە زیانێکی گەورە بە خۆتان یان ناوچە کوردییەکانی ئێران بگەیەنێت."
قوباد تاڵەبانی باس لەوە دەکات، ئەگەر ئەو پارتانە رۆیشتبانە نێو خاکی ئێرانەوە، ئەنجامەکەی بۆیان باش نەدەبوو و نەدەبووە هۆی بەدەستهێنانی پاڵپشتیی ئاسمانیی ئەمریکا یان ئیسرائیل بۆیان، هەروەها نەدەبووە هۆی دروستبوونی "راپەڕینی سەرتاسەری". جێگری سەرۆکوەزیران دەڵێت: "هەست بە ئازارەکەیان دەکەم، چونکە ئەوە دۆزی ئەوانە و نیشتمانی ئەوانە، بەڵام خۆشحاڵم کە ستراتیجی و وریا بوون."
پەیوەندی لەگەڵ تاران و نیگەرانییەکان
قوباد تاڵەبانی باسی لەوە کرد، لەگەڵ تاران لە گفتوگۆدان و گوتی: "ئەوان بە روونی و بە دیاریکراوی داوایان لێکردین کە پاڵپشتیی هیچ لایەنێک نەکەین بیەوێ لە ناوچەکانی ئێمەوە زیانیان پێ بگەیەنێت."
جێگری سەرۆکوەزیران هۆشداریدا لە ئەنجامەکانی پشێوی لە ئێران و گوتی: "رەنگە ئیسرائیل بتوانێت لەگەڵ پشێوی بژی، وەک چۆن لە سووریا کردی، بەڵام پشێوی لە ئێران بۆ عێراق، کوردستان، کەنداو و بازاڕەکانی جیهان باش نییە. ئێمە سەقامگیریمان دەوێت."
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رەخنەی لەو تێڕوانینە گرت کە جیهان تەنیا وەک هێزێکی ئەمنی و سەربازی سەیری کورد دەکات.
قوباد تاڵەبانی گوتی: "نادادپەروەرییە تەنیا وەک شەڕکەری باش سەیر بکرێین. راستە پێشمەرگە ئازایە و ئەوە بەشێکی گەورەی مێژووەکەمانە و جێگەی شانازییە، بەڵام دەبێت جیهان لەوە زیاتر بمانبینێت. ئێمە دیپلۆماتین و دەتوانین پرد دروست بکەین و کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکەین."
کاتێک پرسیاری لێکرا ئەگەر جەلال تاڵەبانی، سەرۆککۆماری پێشووتری عێراق لە ژیاندا بووایە کاردانەوەی چۆن دەبوو، قوباد تاڵەبانی گوتی: "زۆر بێهیوا دەبوو لەم ململانێیە و دەبووە هۆی ئەوەی بەردەوام هاتووچۆ بکات بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و دانایی خۆی لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا بەش دەکرد."