لە 12 رۆژدا 268 مووشەک و درۆن ئاراستەی هەرێمی کوردستان کراون

رووداو دیجیتاڵ
 
هێرشە درۆنی و مووشەکییەکان دژی هەرێمی کوردستان بەردەوامە و لە نزیکەی 24 کاژێری رابردوودا، 40 درۆن و مووشەک ئاراستەی پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی کراون، نوێترینیان بەیانیی ئەمڕۆ بوو لە سلێمانی، کە بەهۆیەوە منداڵێک بریندار بوو.
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لەو 40 هێرشەی لە دوێنێوە دژی هەرێمی کوردستان کراون، 23 هێرشیان لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممەوە بوون، لەو ژمارەیە 18 یان لە پارێزگای هەولێر و 5 یان لە سنووری پارێزگای سلێمانی بوون.
 
18 درۆنەکەی سنووری هەولێر کە بە گوتەی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق ئامانجەکەیان کۆنسووڵخانەی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانانە لە فرۆکەخانەی هەولێر، سەرجەمیان لەلایەن سیستمی بەرگریی تێکشکێندراون و پارچەی درۆنەکان لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا، دەوروبەری فڕۆکەخانە، کانی قرژاڵە، بەحرکە و گوندی کۆری کەوتوونەتە خوارەوە. لە هەمان ماوەدا، لە سلێمانی دوو جار سنووری فەرماندەیی دەڤەری دووی پێشمەرگە لە شارەکە و گەڕەکی قالاوە لە نێوەراستی شارەکە ئامانجی درۆنەکان بووە، کە ئەوەی گەڕەكەکە برینداربوونی منداڵێکی لێکەوتەوە.
 
ئاماری نوێی هێرش و قوربانییەکان
 
بەگوێرەی ئامارەکان، لە 28ـی شوباتەوە تاوەکو ئەمڕۆ، کە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە رۆژی سیازدەیەمدا بەردەوامە، هەرێمی کوردستان بە 268 درۆن و مووشەک بۆردوومان کراوە، لە ئەنجامیاندا 5 کەس گیانیان لەدەستداوە و 24 کەسیش برینداربوون، لەنێویاندا منداڵ هەیە.
 
بۆردوومانەکان تاوەکو ئەمڕۆ بە 223 درۆن و مووشەک هێرش دژی هەولێر و سنووری تەواوی پارێزگاکە کراوە، هاوکات 39 هێرش دژی شاری سلێمانی و سنووری پارێزگاکە کراوە، هەروەها لە رۆژانی رابردووداو ‎سێ هێرش بە چوار درۆن کراونەتە سەر پارێزگای دهۆک، لە هەڵەبجە کەمترین هێرش کراوە و تەنیا 7ـی ئادار بە دوو درۆن چیای شنروێ لە سنووری پارێزگاکە هێرشی کرایەسەر.
 
ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە یەکێکیان کارمەندێکی ئاسایش بوو لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، چواریان پێشمەرگەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون، دووانیان لە هەولێر و دووانەکەی دیکەش لە سنووری پارێزگای سلێمانی بوون.
 
بریندارەکانیش بریتین لە: سێ کارمەندی ئاسایش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، دوو پاسەوانی تایبەت لە بارەگای پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سلێمانی، پاسەوانێکی  هۆتێل تایتانیک لە سلێمانی.  چوار سڤیل، کە یەکێکیان ماتۆڕسواری دیلیڤەری بوو لە هەولێر، یەک بریندار لە کەمپی باجد کەنداڵ بووە لە زاخۆ، پەرستارێک لە کەمپی ئازادیی لە کۆیە؛ ئەمڕۆش 12ـی ئادار منداڵێک لە گەڕەکی قالاوەی سلێمانی بریندار بوو.
 
هەر بەهۆی هێرشەکانەوە، 14 پێشمەرگەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بریندار بوون.
 
‎ئەو ناوچانەی بۆردوومان کراون
 
پارێزگای هەولێر: درۆن و مووشەک لەم ناوچە و گەڕەکانە کەوتوونەتە خوارەوە: کانی قرژاڵە، درێم سیتی، کەسنەزان، پیرزین، فەرمانبەران، سێبیران، رۆشنبیری، ژیان، کوردستان، نەورۆز، گوندی کۆری، گەزنە، بەحرکە، عەنکاوە، خەلیفان، فڕۆکەخانەی هەولێر و دەوروبەری، دێگەڵە، چۆمان و سۆران.
 
پارێزگای سلێمانی: سلێمانی، قالاوە، گەڕەکی بەرانان، شەقامی 60 مەتری، گوندی زڕگوێز، گوندی زڕگوێزەڵە، ناحیەی سوورداش، قەزای كفری، هێزەکانی فەرماندیی پێشمەرگە، گەڕەکی تاسڵوجە، چیای زمناکۆ.

‎پارێزگای دهۆک: کێڵگەی نەوتی سەرسنگ، کەمپی باجد کەنداڵ و گوندێکی سنووری ئاکرێ.
 
پارێزگای هەڵەبجە: چیای شنروێ
 
‎جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران 28ـی شوبات دەستیپێکرد، لە یەکەم رۆژی شەڕەکەوە هێرشەکان دژی هەرێمی کوردستان دەستیانپێکردووە.
 
‎زۆربەی هێرشەکانی سەر هێزەکانی سەر رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ئێرانەوە کراون، هەروەها گرووپە چەکدارەکانی شیعە لە عێراق کە ئێران پشتیوانیان دەکات بەرپرسیاریێتیی زۆربەی ئەو هێرشانەیان لە ئەستۆ گرتووە، کە کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان.