بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە دابەشکردنی تەندەری وەستاند
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە وادەی دیاریکراو کۆتاییهات بۆ دابەشکردنی تەندەر و رێنوێنییەکانی گەشتی عومرەی وەرزی ئەمساڵ، هۆشداریش دەدات لەوەی هەر کۆمپانیایەک بەدەر لە رێنوێنییەکان سەرپێچی بکات، رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.
لە ئاگادارییەکە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەدا هاتووە، "دوای ئاگادارکردنەوەی سەرجەم کۆمپانیاکانی حەج و عومرە و درێژکردنەوەی ماوەی پێشکێشکردن بۆ وەرگرتنی تەندەر و رێنوێنییەکانی (گەشتی عومرە)ی وەرزی ئەمساڵ 2021، ئەمڕۆ دووشەممە وادەی دیاریکراو کۆتاییھات و دابەشکردنی تەندەر و رێنوێنییەکان لە رێکەوتی 12-04-2021 لە کاژێر 12:00ی پاش نیوەڕۆ وەستێندرا".
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە دەڵێت، ئەو کۆمپانیایانەی تەندەر و رێنوێنییەکانیان وەرگرتووە و مامەڵەکانیان تەواوکردووە، تەنیا ئەوان مافی گەشتکردن و گواستنەوەی عومرەکارانیان ھەیە لە ھەرێمی کوردستان، "بە پێچەوانەوە ھەر کۆمپانیایەک بەدەر لە رێنوێنییەکان سەرپێچی بکات، رووبەڕووی سزای یاسایی دەکرێتەوە".