بەردی بناخەی پارکی هەریر دادەنرێت
رووداو هەولێر
بەردی بناخەی دوو پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ ناحیەی هەریر دانران. بەڕێوەبەری ناحییەکە دەڵێت، یەکێک لە پڕۆژەکان دیاری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانە بۆیان.
رۆژی سێشەممە 12-4-2022، کاروان کەریم خان، بەڕێوەبەری ناحیەی هەریر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر، بەردی بناخەی دروستکردنی پارکی هەریر و کۆنکرێتکردنی چەند کۆڵانێکی ناوچەکە دانرا.
بەڕێوەبەری ناحیەی هەریر گوتیشی، "پارکی هەریر لە رووبەری 12 دۆنم زەویدا بە گوژمەی ملیارێک و 326 ملیۆن و 792 هەزار دینار دروستدەکرێت کە دیاری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانە."
ئاماژە بەوەش دەکات، چەند گەڕەکێک لە ناحییەکانی هەریر و باسرمە بە گوژمەی 694 ملیۆن و 950 هەزار دینار لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار قیرتاو دەکرێن.
ناحیەی هەریر سەر بە پارێزگای هەولێرە؛ سنووری ناحیەکە بە تێکڕای گوندەکانییەوە دانیشتوانەکەی نزیکەی 40 هەزار کەسە.