زانکۆی سەلاحەدین: سبەی تاقیکردنەوەکان دەستپێدەکەن و خوێندن درێژ ناکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین رایگەیاند، رۆژی 13ـی نیسان تاقیکردنەوەکانی میدتێرم لە سەرجەم کۆلێژەکان دەستپێدەکەن. راشیگەیاند پابەندی ساڵنامەی خوێندن دەبن و ماوەی خوێندن درێژ ناکرێتەوە.
رۆژی شەممە 11ـی نیسانی 2026، سامان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند: "لە 13ـی ئەم مانگەوە تاقیکردنەوەکان لە زانکۆی سەلاحەدین دەستپێدەکەن؛ کاتەکان بەپێی پلان و بەگوێرەی کۆلێژەکان دادەنرێن."
لەبارەی ئەگەری گۆڕانکاری لە کاتی کۆتاییهاتنی ساڵی خوێندن، سامان عەبدوڵڵا گوتی: "بەپێی ساڵنامەی خوێندن بەردەوام دەبین. تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک نییە بۆ درێژکردنەوەی خوێندن."
بەپێی ساڵنامەی خوێندنی 2025-2026، خشتەی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ بەم شێوەیەیە:
تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵ (خولی یەکەم): لە 03ـی ئایاری 2026 دەستپێدەکات و تاوەکو 20ـی ئایار بەردەوام دەبێت.
پشووی جەژنی قوربان: لە 26ـی ئایار تاوەکو 01ـی حوزەیرانی 2026 دەبێت.
تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵ (خولی دووەم): لە 15ـی حوزەیرانی 2026 دەستپێدەکات.
زانکۆی سەلاحەدین کە یەکێکە لە زانکۆ دێرینەکانی هەرێمی کوردستان، خاوەنی 25 هەزار قوتابی بەکالۆریۆس دوو هەزار قوتابی خوێندنی باڵایە (ماستەر و دکتۆرا)یە.