پشکی گازی ماڵان زیاد دەکرێ؛ "لە هەولێر دابەشکردن دەبێتە رۆژناڕۆژێک"
رووداو دیجیتاڵ
دوێنێ دوو سەرچاوەی ئاگادار بە رووداویان گوت، بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر دەستیپێکردووەتەوە و لە چەند رۆژی داهاتوودا پشکی گازی ماڵان زیاد دەکرێ. بەرپرسانی گاز دەڵێن، ئاگادار کراونەتەوە سبەی پشکی زیاتریان پێدەگات.
بەرپرسێکی نەوت و کانزاکان لە هەولێر دەڵێ، لەگەڵ گەیشتنی گازی زیادکراودا دابەشکردن دەکەنە رۆژناڕۆژێک. بەرپرسانی سلێمانیش دەڵێن، پشکی سنوورەکە لە 70 تۆنی رۆژانەوە لە قۆناخی یەکەمدا بەرزدەبێتەوە بۆ 100 تۆن.
سالار محەممەد، لێپرسراوی لیژنەی پشکنین لە نەوت و کانزاکانی هەولێر، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بڕیارە لەمڕۆوە پشکی گازی زیاتر بگاتە هەولێر و ئێمەش دابەشکردن زیاتر دەکەین".
لێپرسراوی لیژنەی پشکنین لە نەوت و کانزاکانی هەولێر دەڵێ، لە دوای جەنگەوە پشکی گازی هەولێر زۆر کەم بووەتەوە و بەو هۆیەوە هەفتانە دوو جار گازی حکومی دابەشکراوە.
سالار محەممەد گوتی: "ئەگەر لەمڕۆوە گاز بگاتە هەولێر، بەو جۆرەی پێمان گوتراوە، لە سبەیەوە دابەشکردنی گازی حکومی دەکەینە رۆژناڕۆژێک".
دوێنێ تۆڕی میدیایی رووداو بڵاوی کردەوە، ئەگەر دۆخی ئەمنیی کوردستان و ناوچەکە لەباربێ "لە چەند رۆژی داهاتوودا" دابەشکردنی گازی ماڵان ئاسایی دەبێتەوە. سالار محەممەد گوتی: "دۆخی ئەمنی هاوکار بێ و هیچ روونەدات، لە 10 رۆژی داهاتوودا دابەشکردنی گاز وەک پێش جەنگ ئاسایی دەبێتەوە".
گازی حکومی بوتڵێک بە 8500 دینار دابەش دەکرێ، هەمان بڕی گاز ئەمڕۆ بەشێوەی بازرگانی بە سەروو 30 هەزار دینار دەفرۆشرێت.
هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، دوو سەرچاوەی باڵا و ئاگادار لە سلێمانی گوتیان: "بەڵێن دراوە پشکی گاز لە هەموو هەرێمی کوردستان و لەنێویاندا لە سلێمانی لەمڕۆوە زیاد بکرێ".
بەگوتەی سەرچاوەکانی رووداو، ئێستا رۆژانە نزیکەی 70 تۆن گاز بۆ سلێمانی دەنێردرێ و بڕیارە لە یەکەم هەنگاوی زیادکردنی پشکەکەدا لە سبەیەوە بگاتە 100 تۆن و "دواتر قۆناخ بە قۆناخ پشکەکە زیاد دەکرێ".
بەهۆی جەنگەوە لە 28ـی شوبات کارکردن لەکێڵگەی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستان وەستا، ئەوەش بووە هۆکاری ئەوەی نرخی بوتڵێک گازی ماڵان بەشێوەی بازرگانی بەرزبێتەوە و تاوەکو ئەمڕۆش بەرهەمی کێڵگەکە نەگەیشتووەتەوە ئاستی 27ـی شوبات.
بەرپرسێکی باڵا و ئاگادار لە دهۆک بە رووداوی گوت: "بڕیارە پشکی گازمان لەمڕۆ یان سبەی زیادبکات و لەگەڵ زیادبوونی، بێگومان نرخی گازی بازرگانی دادەبەزێ".
هەروەها سمکۆ سالار، قایمقامی هەڵەبجە ئەمڕۆ بە رووداوی گوت: "پشکی ئێمە وەک خۆی وایە، هەفتانە دوو تانکەرمان لە کەرکووکەوە بۆ دێت. هەفتەی رابردوو دوو تانکەرمان لە کۆرمۆرەوە بۆ هات، بەڵام ئەم هەفتەیە هێشتا نەهاتووە".
بەگوێرەی سەرچاوەکانی رووداو، دەست بە کۆی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی، گازی ماڵان و کۆندێنسەیت کراوەتەوە و ئەگەر دۆخی ئەمنی ناوچەکە لەباربێ، رۆژبەڕۆژ بەرهەمی ئێل پی جی زیاتر دەبێت.