هەرێمی کوردستان راپۆرتێکی "ورد و زانستی" لەسەر زیانەکانی جەنگ دەداتە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی
رووداو دیجیتاڵ
دوای وەستانی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان، لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان دەست بە هەڵسەنگاندنی زیانە ژینگەییەکانی ئەو جەنگە دەکەن کە لە ماوەی رابردوودا رووبەڕووی ناوچەکە بووەتەوە. بەرپرسێکی ژینگەییش دەڵێت: "دەمانەوێت بە وردی و زانستی لێکۆڵینەوە لە کاریگەرییەکان لەسەر خاک، ئاو و هەوا بکەین و بیدەینە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی."
رۆژی یەکشەممە، 12ـی نیسانی 2026، سەنعان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نووسراوێکمان ئامادە کردووە و ئاراستەی هەموو پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستانی دەکەین، بە مەبەستی هاوئاهەنگی و هەڵسەنگاندنی ئەو زیانانەی بەهۆی جەنگەکەوە بەر ژینگەی کوردستان کەوتوون."
بە گوتەی سەنعان عەبدوڵڵا، هەرێمی کوردستان لە ماوەی رابردوودا بەر هێرشی چڕی درۆن و مووشەک کەوتووە، ئەمەش کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر پێکهاتەی خاک و ئاو و هەوای ناوچەکە دەبێت.
باسی لەوەشکرد: "هەرچەندە تاوەکو ئێستا هیچ جۆرە تیشکدانەوەیەک لە هەرێمی کوردستان و تەنانەت لە عێراقیش تۆمار نەکراوە، بەڵام پێویستە لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر کاریگەرییە کیمیایی و ژینگەییەکانی دیکە بکرێت."
گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان دەڵێ، ئامانجیانە دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، راپۆرتێکی زانستی و ورد پێشکەشی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکەن بۆ ئەوەی قەبارەی زیانەکان بە روونی بخرێنەڕوو.
ئەم هەنگاوە دوای زنجیرەیەک هێرشی چڕ دێت. بەگوێرەی ئامارەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لە سەرەتای دەستپێکی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ـی شوباتی ئەم ساڵەوە، 707 درۆن و مووشەک ئاراستەی هەرێمی کوردستان کراون.