سێنتکۆم: لە ئەمڕۆوە رێگە نادەین هیچ کەشتییەک بچێتە نێو بەندەرەکانی ئێران یان لێی دەربچێت
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند، لەسەر فەرمانی سەرۆک ترەمپ، گەمارۆیەکی دەریایی گشتگیر دەخەنە سەر تەواوی ئەو کەشتییانەی دەچنە نێو بەندەرەکانی ئێران یان لێی دەردەچن، ئەمەش وەک گوشارێکی نوێ بۆ سەر تاران دواى شکستهێنانى دانوستاندنەکان.
رۆژی دووشەممە، 13ى نیسانى 2026 فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، کاژێر 10:00ـی بەیانی بە کاتی واشنتن (کە دەکاتە کاژێر 5:00ـی ئێوارە بە کاتی هەولێر)، دەست دەکات بە جێبەجێکردنی گەمارۆدانێکی تەواوەتی بۆ سەر هەموو جموجۆڵە کەشتیوانییەکانی نێو بەندەرەکانی ئێران.
سێنتکۆم ئاماژەی بەوە کردووە، گەمارۆکە بە شێوەیەکی یەکسان بەسەر کەشتیی هەموو وڵاتاندا جێبەجێ دەکرێت، چ ئەوانەی دەچنە نێو ئێران یان ئەوانەی لە ناوچە کەنارییەکانی ئەو وڵاتە لە کەنداو و دەریای عومان دەردەچن.
لە راگەیێندراوەکەی سێنتکۆمدا هاتووە، رێگری لەو کەشتییانە ناکەن لە تەنگەکە کە ئامانجیان گەیشتن بە بەندەرە ئێرانییەکان نییە.
هەروەها داوا لە هەموو دەریاوانە بازرگانییەکان کراوە چاودێریی پەخشە فەرمییەکان بکەن و لە رێگەی کەناڵی 16ـی دەریاییەوە لەگەڵ هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا لە پەیوەندیدا بن کاتێک لە دەریای عومان و نزیک تەنگەی هورمز کار دەکەن.
ئەم هەنگاوە تووندەی واشنتن دوای ئەوە دێت کە دانوستاندنە 21 کاژێرییەکەی ئیسلام ئاباد لەنێوان جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و شاندی ئێرانی بە بنبەست گەیشتن.
جۆن بۆڵتن، راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، پێشتر پشتیوانیی خۆی بۆ ئەم گەمارۆدانە دەربڕیبوو و بە هەنگاوێکی "ژیرانە"ی وەسف کردبوو بۆ ناچارکردنی تاران بە گۆڕینی رەفتارەکانی.
واشنتن پێیوایە ئەم گەمارۆیە دەبێتە گوشارێکی دارایی و لۆجستیی یەکجار قورس بۆ سەر رژێمی ئێران کە ئێستا زیاتر لە 3 ملیۆن ئاوارەی ناوخۆیی هەیە و ژێرخانی پیشەسازییەکەی بەهۆی بۆردوومانەکانەوە زیانی زۆری بەرکەوتووە.