سەرۆک بارزانی لەبارەی چەکدانانی پەکەکە و پرۆسەی ئاشتی: پشتیوانی لە سەرکەوتنی دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک مەسعود بارزانی لەبارەی پرۆسەی ئاشتی و بڕیاری پەکەکە بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانان رایدەگەیێنێت، "جێگەی خۆشحاڵییە" و، "بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە سەرکەوتنی ئەو پڕۆسەیە دەکەین."
سەرۆک بارزانی ئەمڕۆ دووشەممە، 12-5-2025 پەیامەکەی بڵاوکردووەتەوە، تێیدا هاتووە: "ئێمە هیوادارین ئەو پڕۆسەیە بگاتە ئەنجامێکی باش و لە بەرژەوەندی و خێری ناوچەکە و هەموو لایەک بێت."
دوای بەستنی کۆنگرەی 12یان لە سەرەتای ئەم مانگە، ئەمڕۆ دووشەممە، 12-5-2025 پەکەکە بڕیاری چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا و رایگەیاند، بڕیارەکە "بۆ چارەسەری دیموکراتی و ئاشتییەکی دوورمەودایە."
پەکەکە لە راگەیێندراوەکەیاندا داوا لە هەموو پارت، رێکخراو و کەسایەتییەکانی تورکیا دەکات، "بۆ ئاشتی رۆڵی خۆیان بگێڕن."
دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
جێگەی خۆشحاڵیە لە پڕۆسەی چارەسەریی ئاشتی لە تورکیا لایەنەکان هەڵوێستی باشیان هەبوو و هەنگاوی ئەرێنی بە ئاراستەی چارەسەری ئاشتیانە نرا. هەروەها پەکەکەش کۆنگرەی خۆی بەست و کۆمەڵێک بڕیاری دەرکرد. ئێمە هیوادارین ئەو پڕۆسەیە بگاتە ئەنجامێکی باش و لە بەرژەوەندی و خێری ناوچەکە و هەموو لایەک بێت. ڕاشیدەگەیێنین بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە سەرکەوتنی ئەو پڕۆسەیە دەکەین.
مسعود بارزانی
12ی ئایاری 2025