خەڵکی گوندە سنوورییەکانی زاخۆ بە چەکدانانی پەکەکە دڵخۆشن؛ 'باشترین بڕیار بوو'
رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەکی خەڵکی ناوچە سنوورییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لەبارەی بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە دەڵێت، ''باشترین بڕیار بوو و لە بەرژەوەندیی هەموو کوردستاندایە''؛ گوتیشی، شەڕی پەکەکە و سوپای تورکیا زیاتر لە هەر شوێنێک زیانی بە زاخۆ گەیاندووە.
ئەمڕۆ دووشەممە 12-05-2025، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە گرنگترین خاڵی، خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پارتەکە بوو.
پارتەکە لەدوای زیاتر لە 40 ساڵ خەبات، لە راگەیێندراوی کۆتایی کۆنگرەکەیدا دەڵێت، بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی داوە، چەک دادەنێت و "خەباتکردن بە ناوی پەکەکەوە کۆتایی دێت."
یەکێک لە کاریگەرییە سەرەکییەکانی چەکدانانەکەی پەکەکە، گەڕانەوەی خەڵکی گوندە سنوورییەکانی نێوان باکوور و باشووری کوردستان دەبێت کە بەهۆی شەڕ و پێکدادانەوە گوندەکانیان چۆڵکردوون.
مەسعود نزووری، خەڵکی گوندی نزووری سەر بە قەزای باتیفای ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە غەریب مەجید، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: ''زۆر بە بڕیارەکە دڵخۆش بووین، ئێمە حەز دەکەین لێکتێگەیشتن دروست ببێت، نەک شەڕ.''
مەسعود نزووری گوتیشی: ''لە ساڵی 1991ـوە بەهۆی فڕۆکە، شەڕ و بۆردوومانکردن هیچ خۆشیمان لە ژیانی خۆمان نەبینیوە، هیوادارین بگەڕێینەوە سەر گوندەکانی خۆمان.''
محەممەد موراد، هاونیشتمانییەکی دیکەی خەڵکی قەزای باتیفا بە رووداوی راگەیاند، ''پێموایە هەڵوەشانەوە و چەکدانانی پەکەکە باشترین بڕیار بوو و لە بەرژەوەندیی هەر چوار پارچەی کوردستاندایە.''
زۆربەی گوندەکانی سەر بە قەزای باتیفا لە چەند ساڵی رابردوودا بەهۆی شەڕی پەکەکە و سوپای تورکیا چۆڵکراون، ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت: "ئێمە هەمووان چاوەڕێن بڕیاری هەڵوەشانەوەی پەکەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە گوندەکانمان.''
محەممەد موراد ئاماژەی بەوە کرد، شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیا نزیکەی 30 ساڵە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆی گرتووەتەوە و ''تێیدا ئێمە لە هەموو ناوچەکانی دیکە زیاتر زەرەرمەند بووین.''
لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ زیاتر لە 32 گوندی هەن کە کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی شەڕی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا و بەشێکیان بە تەواوی چۆڵکراون.
بەگوێرەی زانایارییەکانی ئەگەر بڕیاری کۆنگرەی 12ی پارتی کرێکارانی کوردستان جێبەجێ بکرێت، کە خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانە، 602 گوند لە باشووری کوردستان ئاوەدان دەبنەوە، کە بەهۆی شەڕی پەکەکە - تورکیا چۆڵ کراون یان مەترسیی چۆڵبوونیان لەسەرە.