قوباد تاڵەبانی: پەکەکە بەرپرسیارێتیی خۆی بەرامبەر بە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا جێبەجێ کرد

رووداو دیجیتاڵ
 
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "پارتی کرێکارانی کوردستان لە کۆنگرەی 12ی خۆیدا بەرپرسیارێتیی خۆی بەرامبەر بە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا جێبەجێ کرد و دەرگای بەڕووی قۆناخێکی نوێدا کردەوە".
 
دەشڵێت، "هیوادارین حکومەت و دامەزراوە یاساییەکان و لایەنە سیاسییەکانی تورکیاش ئەم دەرفەتە بقۆزنەوە بۆ چارەسەرکردنی یاسایی و ئاشتییانەی پرسی کورد لە تورکیا".
 
ئەمڕۆ دووشەممە، پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ی راگەیاند کە بە بەشداریی 232 ئەندام بووە و دەڵێت، خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە و "خەباتکردن بە ناوی پەکەکەوە کۆتایی دێت".
 
لە بەرامبەردا، عومەر چەلیک، گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان- ئاکپارتی رایگەیاند، "دوای ئەو بانگەوازەی لە ئیمراڵییەوە کرا، بڕیاری پەکەکە بۆ خۆهەڵوەشاندنەوەی و وازهێنان لە چەک، قۆناخێکی گرنگە بۆ ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر".
 
راشیگەیاند، "ئەم پرۆسەیە لەلایەن دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە لە گۆڕەپاندا بە وردی چاودێری دەکرێت. ئەو قۆناخانەی پێی گەیشتووە بە بەڕێز سەرۆککۆمار دەگەیێندرێت. پێویستە بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و وازهێنان لە چەک بەهەموو لایەنەکانییەوە و بە شێوەیەکی کۆنکرێتی لە ناوەوە و دەرەوە جێبەجێ بکرێت. بەم شێوەیە، هەنگاوێکی ئەرێنی دێتە پێشەوە بۆ رێگرتن لە پلانە ئیمپریالیستییەکان کە رێکخراوە تیرۆریستییەکان بۆ شەڕی بەوەکالەت لە ناوچە نزیکەکانماندا بەکاردەهێنرێن".