پێشمەرگە و سوپای عێراق لە قەرەچووخ ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشیان لە چیای قەرەچووخی سنووری قەزای مەخموور کرد. سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێت، شەوانە تێبینی جموجۆڵی گوماناوی کراوە، بۆیە ئۆپەراسیۆنەکە کراوە.
ئەمڕۆ 12ی ئایاری 2025، لە کاژێر 7:00ی بەیانی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشیان لە بناری چیای قەرەچووخ دەستپێکرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی پێشمەرگە، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، لیوای 14 و لیوای 18ی فیرقەی یەکی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە، فەوجی یەکیی لیوای سێی کۆماندۆی زێرەڤانی، لیوای 50 و 51ی فیرقەی 14ی سوپای عێراق بەشدار بوون، تێیدا دەشتایی و دۆڵ و ناوچەکانی باشوور و باکووری چیای قەرەچووخیان کێوماڵ کرد و ئۆپەراسیۆنەکە کاژێر 12:00ی نیوەڕۆ کۆتایی هات.
وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، "ئامانج لەم ئۆپەراسیۆنانە کێوماڵکردن و پاککردنەوەی ناوچەکەیە لە مۆڵگە و حەشارگەکانی تیرۆریستانی داعش، بۆ ئەوەی ئاسایش و ئارامی ناوچەکە زیاتر سەقامگیر بێت".
محەممەد جاسم کاکەیی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، ئەمڕۆ دووشەممە 12ی ئایاری 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هێزەکانی سوپا و ئەمنیی ناوچەکە لە کامێرای گەرمی بینینەوە تێبینیان کردووە، شەوانە هەندێکجار جموجۆڵی گوماناوی لە ناوچەکەدا هەبووە، بۆیە ئەمڕۆ ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش کرا بۆ بەدواداچوون و کێوماڵکردنی ناوچەکە، بەڵام هیچ چەکدارێکی داعش نەبینرابوو، ئۆپەراسیۆنەکە کۆتایی هات.