لە بەریتانیا پەناخوازێکی کورد بەهۆی تاتووەکانییەوە مافی مانەوەی پێدەدرێت
رووداو دیجیتاڵ
پەناخوازێکی کورد لە بەریتانیا مافی پەنابەرێتی پێدەدرێت، دوای ئەوەی بە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی راگەیاند، ناتوانێت بگەڕێتەوە باشووری کوردستان، بەهۆی ئەوەی گوایە تاتووی لەسەر جەستەی کردووە و دەکرێت رووبەڕووی تووندتیژی ببێتەوە.
رۆژی یەکشەممە، 11ی ئایاری 2025، میدیای بەریتانی بڵاویکردەوە، ئەو پەناخوازە لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئەو وڵاتەی راگەیاندووە، ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ باشووری کوردستان، چونکە لەلایەن بنەماڵەکەیەوە هەڕەشەی لێکراوە لە بەرامبەر بەوەی تاتووی لەسەر جەستەی کردووە و پێیانڕاگەیاندووە "ئەو دەستکاریی ئیشی خودای کردووە".
سەرەتا، وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، داواکاریی ئەو پەناخوازەی رەتکردووەتەوە و لەسەر بنەمای ئەوەی دەتوانێت لە ناوچەیەکی دیکەی باشووری کوردستان بژی، بەڵام دواتر لیژنەی پێداچوونەوەی دۆسیەی پەنابەران، مافی مانەوەی پێداوە.
لە لێکۆڵینەوەکانیاندا، ئەو لیژنەیە، گوێی لە پاساوی ئەو پەناخوازە کوردە گرتووە و رایگەیاندووە، ئەو ناچار بووە هەرێمی کوردستان بەجێبهێڵێت، دوای ئەوەی باوکی و مامی تاتووەکانیان بینیووە، زۆر تووڕە بوون و هەڕەشەی سووتاندنی جەستەیان لێکردووە.
هەروەها ئەو پەناخوازە رایگەیاندووە، دوای ئەوەی رازی نابێت تاتووەکانی بسڕێتەوە، بۆی دەردەکەوێت، بنەماڵەکەی بەنیازن بیکوژن، لەبەرئەوەی ناوی بنەماڵەکەی لەکەدار کردووە. ئەو پەناخوازە ئاماژەی بەوەش کردووە برایەکی کارئاسانیی بۆ کردووە هەڵبێت، پاسپۆرتی بۆ ئامادە بکات و بلیتی فڕۆکەی بۆ کڕیوە.
بەڵام ئەو نەیتوانیوە، کارتی نیشتمانیی عێراقی لە کەیسەکەیدا دابین بکات، راشیگەیاندووە ئەگەر ئێستا بگەڕێتەوە بەهۆی نەبوونی کارتی نیشتمانی، رەنگە رووبەڕووی کێشە ببێتەوە و مەترسیشی لەسەرە "رەنگە مامەڵەی نامرۆیی" لەگەڵ بکرێت.
کاتێکیش گەیشتووەتە بەریتانیا، ئەو پەناخوازە داوای مافی مانەوەی لەسەر بنەمای ئەو هەڕەشانە کردووە و یەکەم جار لە مانگی تشرینی دووەمی 2023، داواکارییەکەی رەتکراوەتەوە، بەڵام پەناخوازە کوردەکە، تانەی لە بڕیارەکە داوە، لەسەر بنەمای ئەوەی باوک و مامی پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانی کوردستان هەیە، کە یەکێکە لە پارتە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمەش بەو واتایەی ئەوان دەتوانن لە رێگەی یەکێتییەوە بیدۆزنەوە لە هەر شوێنێکی هەرێمی کوردستان بێت.