گەشتوگوزاری دهۆک: بە کشانەوەی پەکەکە کەرتی گەشتیاری زیاتر دەبووژێتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی گەشتوگوزاری پارێزگای دهۆک رایدەگەیێنێت، ئەگەر پرۆسەی ئاشتی سەربگرێت، پەکەکە چەک دابنێت و لە خاکی هەرێمی کوردستان بچێتە دەرەوە، کەرتی گەشتیاری لە پارێزگای دهۆک زیاتر دەبووژێتەوە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 12.05.2025، شەماڵ هرووری، گوتەبێژی گەشتوگوزاری ئەو پارێزگا سنوورییەی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو ناوچانەی کە بەهۆی شەڕی پەکەکە و تورکیا چۆڵکراون، زۆربەیان ناوچەی گەشتیارین، بۆیە بە کشانەوەیان، کەرتی گەشتیاری لە پارێزگای دهۆک زیاتر دەبووژێتەوە."
 
ساڵانە بە نزیکەی 2.5 ملیۆن گەشتیار لە نێوخۆی عێراق و دەرەوە سەردانی سنووری پارێزگای دهۆک دەکەن. بە گوتەی شەماڵ هرووی، "ئارامی سنوور و ئاوەدانکردنەوەی ناوچە چۆڵکراوەکان، دەبێتە هۆی پەلکێشکردنی گەشتیاری زیاتر."
 
ئەگەر بڕیاری کۆنگرەی 12ی پارتی کرێکارانی کوردستان جێبەجێ بکرێت کە خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانە، 602 گوند لە باشووری کوردستان ئاوەدان دەبنەوە کە بەهۆی شەڕی پەکەکە-تورکیا چۆڵکراون یان مەترسیی چۆڵبوونیان لەسەرە.
 
ئەو گوندنانە بە قۆناخ لە هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە تاوەکو ئەم ساڵانەی دوایی چۆڵکراون، بەشێکیان بە یەکجاری چۆڵکراون و ژمارەیەکیشیان دانیشتووانەکەی رۆژانە بۆ کشتوکاڵ دەچن و شەو دەگەڕێنەوە.

 

 
 
بەپێی بەدواداچوونەکانی رێکخراوی CPT ئەمریکی، لە سنووری پارێزگای دهۆک زیاتر لە 400 گوند چۆڵکراون یان مەترسی چۆڵبوونیان لەسەرە، لە سنووری ئامێدی 200 گوند، لە سنووری ئاکرێ 25 گوند، لە زاخۆ 30 گوند و لە قەزای شێخانیش 10 گوند چۆڵکراون. هەروەها لە سنووری قەزای سیدەکانیش لە سنووری پارێزگای هەولێر، 118 چۆڵکراون.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 12.05.2025، کامەران عوسمان، ئەندامی  تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی (CPT)ـی ئەمریکی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەو 602 گوندە، 185یان بەتەواوی چۆڵکراون و 400 گوندیش نەتوانراوە ئاوەدان بکرێتەوە و هەندێکیشیان بە رۆژ ئاوەدانن و بە شەو چۆڵدەکرێن.
 
گوتەبێژی گەشتوگوزاری پارێزگای دهۆک ئاماژەی بەوەشکرد، دوای کشانەوەی پەکەکە، قۆناخی نۆژەنکردنەوەی رێگەوبان، کارەبا و گەیاندنی خزمەتگوزاری بەو گوند و ناوچانە دەستپێدەکات و دواتریش دەرگە بە رووی گەشتیاراندا دەکرێتەوە.