پارێزگارانی هەولێر و دهۆک بەشداریی کۆڕبەندی ئاشتی لە ئامەد دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگارانی هەولێر و دهۆک بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندێک لە شاری ئامەدن لە باکووری کوردستان. ئومێد خۆشناو دەڵێت، ژمارەیەک کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی حکومی و حیزبیی شارەکە دەبێت و سەردانی یانەی ئامەد سپۆریش دەکەن.
 
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک بە سەردانێکی فەرمی و بۆ بەشداربوون لە "کۆڕبەندی ئاشتی و ئازادیی کۆمەڵایەتی" گەیشتنە ئامەد لە باکووری کوردستان، کە بڕیارە لە 12 بۆ 16ی ئەم مانگە بە ناونیشانی (Bi Hev Re) بەڕێوەبچێت.
 
ئومێد خۆشناو ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "جگە لە بەشداربوونمان لە کۆڕبەندەکە، لەگەڵ هاوسەرۆکانی شارەوانیی ئامەد و پارێزگاری ئامەد کۆبوونەوەی جیامان دەبێت."
 
پارێزگاری هەولێر کە ئێستا لە ئامەدە دەڵێت، لەگەڵ پارێزگاری دهۆک سەردانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) و پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) دەکەن.
 
هەر لە چوارچێوەی سەرانەکەدا، ئەو دوو پارێزگارەی هەرێمی کوردستان سەردانی شوێنەوارەکانی ئەو شارەی باکووری کوردستان و یانەی ئامەد سپۆر دەکەن.
 
ئەمڕۆ لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان، "کۆڕبەندی ئاشتی و ئازادی کۆمەڵایەتی" دەستپێدەکات. شارەوانیی گەورەی ئامەد، کە رێکخەری چالاکییەکەیە، داوەتنامەی فەرمی بۆ پارێزگارانی هەولێر و دهۆک و لایەنە سیاسییەکانی تورکیا ناردووە.
 
کۆڕبەندەکە پێنج رۆژ بەردەوام دەبێت. ئایشە سێرا بوجاک، هاوسەرۆکی شارەوانیی گەورەی ئامەد دەڵێت، ئامانج لێی تاوتوێکردنی پەیوەندییەکانی کورد و تورکە لە چوارچێوەیەکی دەستووریدا.