تەرمی مینا دوای 11 رۆژ لە خنکانی لە رووباری گەلی عەلی بەگ، دۆزرایەوە


رووداو دیجیتاڵ

دوای 11 رۆژ لە گەڕان، تەرمی یەکێکی دیکە لەو هاونیشتمانییانەی لە گەلی عەلی بەگ کەوتە نێو ئاو، دۆزرایەوە. بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران دەڵێ، تەرمەکە هی کچەکە بووە کە ناوی مینایە.
 
کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "یەکێکی دیکە لە هاونیشتمانییەکان کە کەوتبووە نێو ئاوی گەلی عەلی بەگ دۆزرایەوە کە کچەکەیە و ناوی مینایە، ئەوەش دوای 11 رۆژ لە کەوتنە نێو ئاوەکە."
 
مینا عیسا 17 ساڵ بوو. 
 
شەوی هەینی، 1ـی ئایاری 2026، نزیک کاژێر 10:00ی شەو لەسەر رێگەی هامڵتن و لە نزیک (کانی ماران) لە گەلی عەلی بەگ، ئۆتۆمبێلێک کۆنترۆڵی لەدەستدا و بەرەو رووبارەکە هەڵدێرا.
 
شۆفێرەکە و ژنێک رزگاریان بوو، بەڵام سێ هاونیشتمانی دیکە بە ناوەکانی ئادەم خورشیدی تەمەن 3 ساڵ، لاوەند خورشیدی تەمن 7 ساڵ و مینا عیسای 17 ساڵ لەگەڵ ئۆتۆمبێلەکە نووقم بوون.
 
دوای چوار رۆژ لە گەڕان، لە رۆژی 05ـی ئایاری 2026، تەرمی  لاوەند خورشید دۆزرایەوە. هەروەها دوای 11 رۆژ لە گەڕان، تەرمی مینا عیسا دۆزرایەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا تەرمی ئادەم خورشید نەدۆزراوەتەوە.