هۆشداری لە پەککەوتنی تاکە سەنتەری چارەسەری نەخۆشییەکانی سینگ و هەناسە لە هەولێر دەدرێت

رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی خانەنشینبوونی ژمارەیەکی زۆر لە  فەرمانبەران و جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی فیدراڵی، سەنتەری سینگ و هەناسە لە کەسنەزان رووبەڕووی کێشەی کەمیی میلاکات بووەتەوە. 
 
بەڕێوەبەری پێشووی سەنتەرەکە دەڵێت، خزمەتگوزارییەکان بەرەو نەمان دەچن. بەڵام تەندروستیی هەولێر جەخت دەکاتەوە کە پڕۆسەی چارەسەرکردن بەردەوامە.
 
سەنتەری سینگ و هەناسە لە کەسنەزان کە تاکە ناوەندی حکومییە لە هەولێر بۆ چارەسەری بێبەرامبەری نەخۆشیی سیل و هەناسە، لە دۆخێکی خراپدایە. ئەبوبەکر عەبدولڕەحمان، یاریدەدەری پزیشک و بەڕێوەبەری پێشووی سەنتەرەکە کە خانەنشین بووە، دەڵێت: "پێشتر نزیکەی 70 کارمەند بووین، بەڵام ئێستا نزیکەی 20 کارمەند ماونەتەوە. تاقیگەکە کارمەندی نییە و زۆربەی پشکنین و خزمەتگوزارییەکان راگیراون."
 
ئەو بەڕێوەبەرە پێشووە، هۆشداری دەدات لەوەی لەکاتێکدا باس لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆس لە جیهاندا دەکرێت، ئەم سەنتەرە پشکنینی تێدا نەماوە و نەخۆشەکان ناچار دەبن روو لە کەرتی تایبەت بکەن.
 
لە بەرانبەردا، سامان سلێمان، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر رایگەیاند، کێشەی کەمبوونی ستاف لە تەواوی دەزگا تەندروستییەکان هەیە و گوتی: "بەهۆی جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی، تەنیا لە سنووری تەندروستیی هەولێر زیاتر لە هەزار کارمەند و پزیشك و پەرستار خانەنشین بوون، ئەمەش کاریگەری هەبووە."
 
سەبارەت بە دۆخی سەنتەری کەسنەزان، گوتەبێژی تەندروستیی هەولێر رەتیکردەوە خزمەتگوزارییەکان راوەستابن و ئاماژەی بەوە کرد: "هیچ پشکنینێک رانەگیراوە، پزیشکی پسپۆڕ لەوێیە و چارەسەری پێویست پێشکێش بە هاونیشتمانییان دەکرێت، بەڵام کێشەی ستاف هەیە."
 
ئەم کێشەیە لەکاتێکدایە کە نەخۆشەکانی سیل پێویستیان بە چاودێریی ورد و بەردەوامە و پەککەوتنی ئەم سەنتەرە بارگرانییەکی زۆر بۆ هاووڵاتییان دروست دەکات.