وەزارەتی ناوخۆ: هەر کەسێک ژینگە پیس بکات بە پێبژاردنی تاوەکو 8 ملیۆن دینار سزا دەدرێت

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک بڕیاری نوێی بۆ پاراستنی ژینگە و رێگری لە زێدەڕۆیی دەرکرد. بە گوێرەی بڕیارە نوێیەکان، هەر کەسێک ژینگە پیس بکات یان زێدەڕۆیی بکاتە سەر موڵکی گشتی، بە بڕێک پارە سزادەدرێ و سزاکە دەگاتە 8 ملیۆن دینار.
 
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، بە نووسراوێکی فەرمی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی بۆ جێبەجێکردنی نۆ بڕیاری تایبەت بە ژینگە راسپاردووە.
 
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی گرنگیدانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بە ژینگەدۆستی و پاراستنی سرووشتی کوردستان.
 
بە گوێرەی بڕیارەکان، فەرمانگەکانی ژینگە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دەسەڵاتیان پێدراوە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، سزای دارایی تاوەکو 8 ملیۆن دینار بەسەر سەرپێچیکاراندا بسەپێنن، ئەوەش بەپێی جۆر و قەبارەی سەرپێچییەکە.
 
هەر لەو چوارچێوەیەدا تیمێکی هاوبەش لە پۆلیس، ئاسایش و پۆلیسی دارستان و ژینگە پێکدەهێندرێ. تیمەکان لە شوێنە گەشتیارییەکاندا دەگەڕێن و هەر هاونیشتمانییەک و هاووڵاتییەک  ژینگە پیس بکات، سزا دەدرێ.
 
وەزارەتی ناوخۆ دەڵێ: "دەبێت کار بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی نایلۆن و پلاستیک بکرێ؛ لەبری ئەوان کاخەز بەکاربهێندرێ. هەروەها سووتاندنی پاشماوەی کشتوکاڵی وەک پووش و پەڵاش لە دوای وەرزی دروێنە بە تەواوی قەدەخەیە بۆ ئەوەی رێگری لە ئاگرکەوتنەوە و زیانگەیاندن بە ژینگە بکرێ".
 
ئەو هەشت خاڵەی لە راگەیندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆدا هاتوون: 
1- فەرمانگەکانی ژینگە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دەسەڵاتی سزادانی داراییان تاوەکو ٨ ملیۆن دینار پێدراوە.
 
2- پێکهێنانی تیمی گەڕۆکی هاوبەش لە هێزە ئەمنییەکان بۆ سزادانی راستەوخۆی ئەو گەشتیار و هاووڵاتیانەی ژینگە پیس دەکەن.
 
3- قەدەخەکردنی سووتاندنی پاشماوەی کشتوکاڵی (پووش و پەڵاش) لە دوای وەرزی دروێنە بە مەبەستی رێگری لە ئاگرکەوتنەوە.
 
4- پێکهێنانی لیژنەی تایبەت بۆ لابردنی زێدەڕۆیی سەر دارستانەکان، سەرچاوە ئاوییەکان و موڵکی دەوڵەت.
 
5- هاندانی کارگەکان بۆ بەرهەمهێنانی کاخەز و بەکارهێنانی لەبری نایلۆن و پلاستیک لە ژیانی رۆژانەدا.
 
6- زیادکردنی نوێنەرانی وەزارەتی کشتوکاڵ و فەرمانگەی وەڵامدانەوەی قەیرانەکان بۆ لیژنەکانی ژینگە.
 
7- راسپاردنی پارێزگارەکان بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی مانگانە و بەدواداچوونی ورد بۆ پاراستنی هاوسەنگیی سرووشت.
 
8- بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی ژینگەیی و ناساندنی سزاکان بە هاووڵاتیان لە رێگەی میدیاکانەوە.
 
دەقەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ:
 
ژمارەیەک رێکاری نوێی ژینگەپارێزی و بەرەنگاربوونەوەی سەرپێچی و زێدەڕۆیی دەچنە بواری جێبەجێکردن
وەزارەتی ناوخۆ کۆمەڵێک بڕیاری گرنگ دەدات
 
لەبەر بایەخی تایبەتی جەنابی سەرۆک وەزیران رێزدار کاک مەسرور بارزانی بە ژینگەدۆستی و پاراستنی سروشتی کوردستان وەکو یەکێک لە کاری لە پێشینەی دامەزراوەکانی حکومەت، دوای چەند کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ بەڕێز وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و تیمی وەزارەتەکەی، بەڕێوەبەرانی گشتی لە دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە، پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان و بەرپرسانی تایبەتمەند لە وەزارەتی ناوخۆ، رۆژی سێشەممە رێکەوتی 12ی ئایاری 2026 بە واژووی بەڕێز رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، کۆمەڵێک بڕیار و راسپاردەی گرنگ بە نووسراوی ژمارە (13788) بە گوێرەی ماددەی دووەم/یەکەم لە یاسای وەزارەتی ناوخۆ ژمارە (6)ی ساڵی 2009، کە ئەرکی (جێبەجێکردنی سیاسەتی گشتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان) خستووەتە ئەستۆی وەزارەتی ناوخۆ، بۆ جێبەجێکردن ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کران کە نۆ خاڵ خۆیان دەبیننەوە و ئەمانەن:
 
یەکەم: چالاککردنی ئەنجومەنی پاراستن و چاککردنی ژینگە لە دەستە کە بە گوێرەی بەشی یەکەم لە دەروازەی دووەم لە یاسای ژمارە (8)ی ساڵی 2008 یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان – عێراق پێکهاتە و ئەرکەکانی دیار کراوە. پێویستە وەزارەت و لایەنەکانی ناو ئەو ئەنجومەنە چالاکانە بە ئەرکی خۆیان هەڵبستن و دیراسەی هەندێک پڕۆژە بکەن کە دەرفەتەکانی پیسکردنی ژینگە کەم دەکاتەوە و لەم کۆبوونەوە هاوبەشەمان سەرنجی خرایە سەر، بۆ نموونە هانی بەکارهێنانی کاغەز لەبری نایلۆن و شووشە بدەن بۆ بوارەکانی بەکارهێنانی رۆژانە، پێویستییەکانی ئەم پرۆسەیە بە وردی دیراسە بکرێت. هەروەها دیراسەی میکانیزمی پاڵپشتی کارگەکانی بەرهەمهێنانی کاغەز بۆ بەکارهێنانی رۆژانە لەبری عەلاگەی نایلۆن، هەروەها دروستکردنی بوتڵی دروستکراو لە کاغەز بۆ ئاو و شیر و بەرهەمەکانی لەبری نایلۆن و شووشە، بکرێت.
 
دووەم: ئەنجومەن پێویستە چاودێری وردی جێبەجێکردنی رێنمایی ژمارە (2)ی ساڵی 2023، رێنمایی بەدواداچوون و بەرزەفتکردنی سەرپێچییە ژینگەییەکان ی دەستەی ژینگە بکات و فەرمانگەکانی ژینگە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان راسپێرێت کە بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە سنوورەکە، چاودێری جێبەجێکردنی رێنمایی ئاماژە بۆ کراو بکەن و سزای سەرپێچیکاران بدرێت.
 
سێیەم: فەرمانگەکانی ژینگە لە (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، گەرمیان، راپەڕین) بە گوێرەی فەرمانی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە ژمارە 361 لە 26/2/2026 و لە (هەڵەبجە، سۆران، زاخۆ) بە گوێرەی فەرمانی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە ژمارە 359 لە 26/2/2026، بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێیان دراوە سزای دارایی سەرپێچی ژینگەیی تا بڕی (8.000.000 هەشت ملیۆن دینار) دەسەپێنن بەسەر سەرپێچیکاران بەپێی جۆر و قەبارەی سەرپێچییەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە سنووریان، و ئەگەر قەبارەی سزاکە پێویست بوو گەورەتر بێت، بۆ دەستەی ژینگە رەوانە دەکرێت بە زووترین کات.
 
چوارەم: هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (ئاسایش، پۆلیس، پۆلیسی هاتوچۆ، بەرگری شارستانی، پۆلیسی دارستان و ژینگە - هێزی پاراستنی ژینگە) هەماهەنگی تەواو دەکەن لەگەڵ لیژنەی پاراستن و چاککردنی ژینگە بە سەرۆکایەتی پارێزگار/ سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان و فەرمانگەکانی ژینگە بۆ دەستگیرکردنی هەر کەسێک سەرپێچی لە یاسا و رێنماییەکانی ژینگە دەکات و سروشت پیس دەکات. بۆ ئەم مەبەستە تیمی گەڕۆک لە نوێنەرانی ئەو دامەزراوانە بە سەرۆکایەتی ئەفسەرێکی پۆلیسی دارستان و ژینگە و ئامادەیی نوێنەری فەرمانگەی ژینگە پێکدێت بۆ گەڕان بە شوێنە گەشتیارییەکان و ئاگادارکردنەوەی گەشتیار و هاووڵاتیان لە سەرپێچییەکان و سەپاندنی سزای دارایی راستەوخۆ بەسەر سەرپێچیکار بە گوێرەی خاڵی سێیەمی ئەم گشتاندنە و بڕەکەی لەلایەن نوێنەری فەرمانگەی ژینگە بە گوێرەی سەرپێچییەکە دەستنیشان دەکرێت.
 
پێنجەم: زیادکردنی نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان و هەروەها نوێنەری وەزارەتی کشتوکاڵ بە گوێرەی تایبەتمەندی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی بۆ لیژنەکانی پاراستن و چاککردنی ژینگە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان. بۆ ئەم مەبەستە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە نووسراو دەستنیشانی نوێنەری دەکات و بۆ دیوانی وەزارەتی ناوخۆ رەوانەی دەکات بۆ ئەوەی بدرێتە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بۆ زیادکردنی لە لیژنەکان.
 
شەشەم: پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان رادەسپێرین کە مانگانە کۆبوونەوەی لیژنەی پاراستن و چاککردنی ژینگە ئەنجام بدەن و تیمەکانیان بۆ جێبەجێکردنی یاسا و رێساکان ئاراستە بکەن، بەردەوام هۆشیاری ژینگەپارێزی و راگرتنی پاکوخاوێنی و هاوسەنگی سروشت بڵاو بکەنەوە، هەروەها سزا بەسەر هەر کەسێک بسەپێنن سەرپێچی یاسا و رێنماییەکان بکات و ژینگە پیس بکات و بیشێوێنێت.
حەوتەم: لیژنەی تایبەتمەند بە رێگری و لابردنی سەرپێچی و زێدەڕۆیی لەسەر موڵک و ماڵی دەوڵەت و سامانەکانی دارستان و ئاو و ژینگە لەسەر ئاستی پارێزگا و ئیدارەکان هاوشێوەی لیژنەی هەولێر بە فەرمانی وەزاری پێکدێت. هەروەها لیژنەی لاوەکی لە قایمقامیەت و ناحیەکان پێکدێت و بەرپرسیار دەبن لەبەرامبەر یاسا بۆ رێگری لە هەر جۆرە سەرپێچی و زێدەڕۆییەک. وردەکاری پێکهاتەی لیژنەکان بە فەرمانی وەزاری بۆتان رەوانە دەکرێت.
 
هەشتەم: لەسەر پێشنیاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، لە ئێستاوە کاری پێویست بکەن بە ئاگادارکردنەوەی جوتیاران و هاووڵاتیان کە سووتاندنی پوش و پەڵاش و قەسەڵ و کڵۆش و پەرێز لە دوای وەرزی دروێنە قەدەغەیە، ئەمەش بۆ پاراستنی زیندەوەران و رێگریکردن لە مەترسی تەشەنەکردنی ئاگر و زیانگەیاندن بە بەرژەوەندی هاووڵاتیان و سامانی سروشتی.
 
نۆیەم: فەرمانگەی میدیا و زانیاری و کەناڵەکانی راگەیاندن بە ئەرکی خۆیان هەڵدەستن بە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری پاراستنی سروشت و ژینگە و سزاکانی سەرپێچیکردن بە هاووڵاتیان ئاشنا دەکەن.