وەزارەتی دارایی دوو بانک لە هەولێر یەکدەخات؛ "رێکارەکانی بانکی نیشتمان بەرەو کۆتایی دەچن"

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بڕیاری یەکخستنی دوو بانکی لە سنووری هەولێر دا. سەرچاوەیەک لە وەزارەتەکە دەڵێ، ئەمە یەکێکە لە رێکارەکانی (بانکی نیشتمان) و رێکارەکانیش بەرەو قۆناخی کۆتایی دەچن.
 
رۆژی سێشەممە، 12ـی ئایاری 2026، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانکە بازرگانییەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە ئاگادارییەکدا رایگەیاند، بڕیاردراوە بە یەکخستنی بانکی (حەمرین) لەگەڵ بانکی (بنەسڵاوە) لە سنووری هەولێر. 
 
بەپێی بڕیارەکە، لەمەودوا سەرجەم کارەکانی بانکی حەمرین دەگوازرێنەوە بۆ بانکی بنەسڵاوە.
 
وەزارەتی دارایی ئاگاداریی سەرجەم ئەو خانەنشینانە دەکاتەوە کە پێشتر مووچەیان لە بانکی حەمرین وەرگرتووە، لەم مانگەوە مووچەیان بۆ بانکی بنەسڵاوە دەگوازرێتەوە و دەتوانن بۆ وەرگرتنی مووچەی مانگی نیسان سەردانی بانکی بنەسڵاوە بکەن.
 
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:" ئەم کارە یەکێکە لە رێکارەکانی دامەزراندنی (بانکی نیشتمان). رێکارەکان گەیشتوونەتە قۆناخی کۆتایی".
 
سەرچاوەکەی رووداو گوتی: "یەکێک لە داواکارییەکانی بانکی ناوەندی ئەوە بوو کە ژمارەی بانکەکانی هەرێمی کوردستان کەم بکرێنەوە. یەکخستنی ئەم بانکانەش لەو چوارچێوەیەدایە".
 
(بانکی نیشتیمان) لە پارێزگای هەولێر دادەمەزرێ، مۆڵەتی هەیە و دەبەسترێتەوە بە بەغدا و وەک رێکارێکی سەرەکی بۆ هاوئاهەنگی و پەیوەندیی دارایی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی دادەنرێ.
 
پێشتر لە 20ی کانوونی دووەمی 2023، ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە کە بۆ کردنەوەی (بانکی نیشتمان) 25 ملیار دیناریان لە لقی بانکی ناوەندی لە هەولێر داناوە، وەک هەنگاوێک بۆ ئەوەی مۆڵەت بدرێتە بانکەکە.