زیاتر لە 4 هەزار خێزان لە کەمپەکانی هەولێر بە کارتی ئەلیکترۆنی گاز وەردەگرن
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر دەستی بە دابەشکردنی کارتی ئەلیکترۆنیی گازی ماڵان بەسەر دانیشتووانی کەمپەکانی سنووری پارێزگاکە کرد. لێپرسراوێکی بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێ، لە هەرسێ کەمپەکانی کەورگۆسک، باسرمە و دارەشەکران زیاتر لە 4000 خێزان سوودمەند دەبن.
رۆژی سێشەممە، 12ـی ئایاری 2026، سالار محەممەد، لێپرسراوی لیژنەی پشکنین لە نەوت و کانزاکانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ دەست بە دابەشکردنی کارتی ئەلیکترۆنیی بوتڵی گاز بەسەر هەردوو کەمپی (کەورگۆسک) و (باسرمە) کرا کە تێیاندا 1200 خێزان سوودمەند دەبن. بڕیاریشە بەیانی بوتڵی گازی ماڵان بەسەر هاووڵاتییانی ئەو دوو کەمپەدا دابەش بکرێ."
لەبارەی کەمپی دارەشەکران، سالار محەممەد گوتی، ئامادەکاری تەواو کراوە بۆ ئەوەی بەیانی زیاتر لە 3000 کارت لەو کەمپە دابەش بکرێ و لە دوو رۆژی داهاتووشدا لەوێ دەست بە دابەشکردنی گازی ماڵان دەکرێ.
بە گوتەی لێپرسراوەکەی نەوت و کانزاکان، بە گشتی لە هەر سێ کەمپەکەدا زیاتر لە 4000 خێزان لە وەرگرتنی گاز سوودمەند دەبن.
سالار محەممەد لەبارەی پارێزگای هەولێر دەڵێ: "تاوەکو ئێستا 80%ـی دانیشتووانی پارێزگای هەولێر بوتڵی دووەمی گازیان وەرگرتووە. ئەو گازەی دابەش دەکرێ گازی حکومییە و نرخەکەی 8,500 دینارە."
خێزانەکانی نێو کەمپەکان کارتی ئەلیکترۆنیی خۆراکیان نەبوو، بۆیە سوودمەند نەبوون. لێپرسراوەکەی نەوت و کانزاکان گوتی: "لەسەر نشینگەکانیان (ئیقامە) کارتەکانیان بۆ دروستکراوە، دوای وەرگرتنی کارتەکانیان دەتوانن بە شێوەیەکی رێکخراو گاز وەربگرن".
لە پارێزگای هەولێر 9 کەمپ هەیە؛ 5 کەمپی ئاوارە (حەسەن شام U2 و U3، خازر M1، دیبەگە، بەحرکە و 4 کەمپی پەنابەران (قوشتەپە، کەورگۆسک، دارە شەکران، باسرمە).
بەپێی دوایین راپۆرتی مانگی ئاداری ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان (JCC) لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، 856 هەزار و 831 ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن.