ترەمپ: میدیای ساختە ناپاکیمان لەگەڵ دەکات و دەڵێ ئێران لەڕووی سەربازییەوە دۆخی باشە
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ لە پۆستێکدا هێرشی تووند دەکاتە سەر دەزگەکانی راگەیاندنی ئەمریکا و بە "ناپاک" ناویان دەبات؛ ئاماژە بەوەش دەکات، تەواوی هێزی دەریایی ئێرانیان لەنێوبردووە و هەموو کەشتییەکانیان لە بنی دەریادان.
شەوی سێشەممە 12-05-2026، لە پۆستێکدا لە ترووس سۆشیاڵ، دۆناڵد ترەمپ نووسی: "کاتێک هەواڵی ساختە دەڵێ دووژمنی ئێرانی لە رووی سەربازییەوە دۆخی باشە، ئەوە ناپاکییە، چونکە لێدوانێکی ناڕاست و تەنانەت بێ مانایە."
ترەمپ میدیاکانی تۆمەتبار کرد بە "یارمەتیدان و هاندانی دووژمن" و گوتی: "تاکە شت کە دەیکات ئەوەیە هیوایەکی درۆیین دەداتە ئێران کە نابێت بوونی هەبێت. ئەوانە ترسنۆکە ئەمریکییەکانن کە دژی وڵاتەکەمانن."
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: "ئێران 159 کەشتی لە هێزی دەریاییدا هەبوو، هەموو کەشتییەکانی ئێستا لە بنی دەریادان."
ترەمپ لەبارەی دۆخی سەربازی و ئابووریی ئێران دەڵێ: "ئەوان هیچ هێزێکی دەریاییان نییە، هێزی ئاسمانییان نەماوە، هەموو تەکنەلۆژیایان لەدەستچووە، سەرکردەکانیان نەماون و وڵاتەکە کارەساتێکی ئابوورییە."
لە کۆتایی پۆستەکەیدا ترەمپ بە تووندی هێرشی کردە سەر رەخنەگرانی سیاسەتەکانی و گوتی: "تەنیا دۆڕاوەکان، سپڵەکان و گەمژەکان دەتوانن دژی ئەمریکا بووەستنەوە."