هێزەکانی سووریای دیموکرات منبجیان گەمارۆداوە
رووداو - هەولێر
هیزەکانی سوریای دیموکرات بە هاوکاری ئەمەریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان چەند رۆژێکە گەمارۆی منبجیان داوە، بە گوتەی سەرچاوەکانی بەرەی شەڕ گوشارێکی قورس لەسەر داعش هەیە ئۆپراسیۆن لە سایلۆی گەنمی منبج دروستبووە.
هێزەکانی سووریای دیموکرات بەتەواوەتی گەمارۆی شاری منبجیان داوە، ئێستا دووری ئەو هێزانە لە ناوەندی شارەکە تەنیا چەند کیلۆمەترێکە، بەڵام وەک سەرچاوەکان باسی دەکەن، بۆمبڕێژکردنی چواردەوری شارەکە بەشێوەیەکی بازنەیی لەلایەن چەکدارانی داعشەوە، هۆکاری سەرەکی دواکەوتنی کۆنترۆڵکردنەوەی شارەکەیە.
لەماوەی 12 رۆژ لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی کۆنترۆڵکردنەوەی منبج، هێزەکانی سووریای دیموکرات بە پاڵپشتی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا توانییان زیاتر لە 100 گوند لە دەورووبەری حەلەب کۆنترۆڵبکەنەوە.
پێشڕەوی ئەو هێزانە، بەلێدانێکی سەربازی و هاوکات دەروونی قورس بۆ داعش دادەنرێت، چونکە کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچانە بەواتای دابڕینی داعش لە سنوورەکانی تورکیا دێت کە ئەمەش دەبێتە هۆی لە دەستدانی تەنیا هێڵی پەیوەندی ئەو رێکخراوە لەگەڵ جیهانی دەرەوە.
سەرکەوتنەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە باکووری شاری رەققە، پایتەختی دی فاکتۆی داعش، کاری ئەو رێکخراوەی قورستر کردووە و نەخشە سەربازییەکانی تایبەت بە سووریای بەرەو گۆڕانکاری ئەرێنی بەسوودی ئەو هێزانە و هاوپەیمانانی رۆژئاوای بردووە کە لەچەند کاژێری رابردوودا، برێت مەککۆرگ، نوێنەری ئۆباما بۆ هاوپەیمانی نێودەڵەتی دژ بە داعش خۆشحاڵی خۆی بە پێشڕەوی هێزەکانی سووریای دیموکرات و گەرمارۆدانی داعش لە منبج دەربڕی و خۆشحاڵییەکەشی بەوە بەستەوە کە منبج ناوەندی دانانی پلانی هێرشەکانی پاریس و بروکسل بووە.
خۆشحاڵی مەکگۆرک، رەنگدانەوەی سیاسەتی نوێی رووسیا و ئەمریکایە کە پێدەچێت چیدیکە پشت بە دانووستاندنە سیاسییەکان نەبەستن و چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا بە رێگە سەربازییەکانیان پێباشتر بێت.
ریاز حجاب، هەماهەنگکاری دەستەی باڵای دانووستاندنەکان سەر بە ئۆپۆزسیۆنی سووریا کە بە ئۆپۆزسیۆنی ریاز ناسراوە، درکی بەو ئاراستە نوێیەی مۆسکۆ و واشنتن کردووە، بۆیە لە دوایین لێدوانیدا رایگەیاند ؛ دانووستاندنەکانی جنێڤ، بە بنبەست گەیشتوون.
پێشینەی ئەمڕۆی رووسیا و ئەمریکا لێدانی داعش و بەرەی نوسرە و چەند گرووپێکی چەکداری توندئاژۆی نێو سووریایە،
ئەم ئامانجە لەلایەک بەهێزەکانی سووریای دیموکرات و لەلایەکی دیکەوە بە سوپای ئەسەد دەکرێت، بۆیە ئێستا حکومەتی سووریا پێداگری لەسەر پێکهێنانی حکومەتی یەکریزی نیشتمانی دەکات و پرسی گواستنەوەی سیاسی کە پێشتر باسی گەرمی جنێڤ3 بوو، پشتگوێ خستووە.
ئەگەر هات و لە باکوورەوە هێزەکانی سووریای دیموکرات سنووری نێوان تورکیا و سووریایان کۆنترۆڵ کرد و سوپای ئەسەد لە باشوورەوە گەمارۆی داعش بدەن،ئەوا ئەو دوو هێزە بۆ دوو هێزی سەرەکی هاوپەیمانی رووسیا و ئەمریکا دەگۆڕدرێن و ترسی ئەنقەرە لە کورد و سعودییە لە ئێران زیاتر دەکات.