خاوەنی 402 ئۆتۆمبێلی زیانبەرکەتووی لافاوەکەی دارەتوو هاوکاری دەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە رۆژی دووشەممە هاوکاریی ئەو کەسانە بکرێت، کە لە ناحیەی دارەتوو لە لافاوەکەی 17-12-2021 زیان بەر ئۆتۆمبێلەکانیان کەوت، بەڕێوەبەری ناحیەکە دەڵێت، لیژنەیەک خەمڵاندنی بۆ بڕی زیانەکان کردووە.
رۆژی یەکشەممە 12ی حوزەیرانی 2022، کاروان عارف بەڕێوەبەری ناحیەی دارەتوو بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوای لافاوەکە لیژنەیەک قەبارەی زیانی ئۆتۆمبێلەکانیان خەمڵاند، چونکە ئۆتۆمبێل هەیە نرخی بەرزە و زیانی زۆر بەرکەوتووە و تێشیاندایە بەپێچەوانەوە، بۆیە لیژنەکە هاوکارییەکەی کرد بە سێ جۆر".
کاروان عارف ئاماژەی بەوەکرد، کە لە سبەینێ دووشەممە 13ی حوزەیرانەوە لە ناوەندی قەیرانەکانی پارێزگای هەولێرەوە پەیوەندی بەو کەسانەوە دەکرێت، کە لە دارەتوو ئۆتۆمبێلەکانیان زیانیان بەرکەتووە و ئەوانیش دەچنە پارێزگا بۆ وەرگرتنی ئەو بڕە پارەیەی بەگوێرەی زیانەکانیان بۆیان دیاریکراوە.
بەڕێوەبەری ناحیەی دارەتوو ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە سنووری ناحیەکەیاندا زیانیان بەرکەتووە ژمارەیان 402 ئۆتۆمبێلە و هەموویان هاوکاری دەکرێن.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی 17-12-2021، بەهۆی بارانی بەخووڕەوە لافاو لە چەند گەڕەکێکی هەولێر دروستبوو، لە شارۆچکەکانی دارەتوو، قوشتەپە، شەمامک، گردجووتیار، بەحرکە، هەروەها گەڕەکی رۆشنبیری و چەند شوێنێکی دیکە لافاو زیانی گیانی و دارایی زۆری گەیاند و ئاو چووە نێو 3 هەزار و 183 خانوو و زیان بە کەلوپەلەکانی نێویان گەیشت. هەزار و 189 ئۆتۆمبێل زیانیان بەرکەوت، هەروەها 408 خانوو و 350 دووکان زیانیان بەرکەوت، بەشێک لەو زیانانە لە دارەتوو بوو.