کوێستان محەممەد: منداڵی تەمەن نۆ ساڵ لە چاکسازییەکان هەیە، بەکارهێنەری مادەی هۆشبەر بووە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە هەزار و 466 منداڵی کارکەر هەن و ئەمڕۆ بەرنامەیەک بۆ چاودێری و چارەسەرکردنی منداڵی کارکەر لە تەواوی هەرێمی کوردستان رادەگەیێنن؛ هەروەها باس لە دۆخی چاکسازییەکان و بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەر دەکات و ئاماژە بەوە دەکات "منداڵی 9 ساڵ، بە تاوانی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر سزادراوە".
کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا کە لە بەرنامەی نووڕۆژ پەخشکرا، گوتی، نەیانتوانیوە 100%ـی سزادراوان بە تاوانی جیا، لە چاکسازییەکان جیابکەنەوە بە هۆکاری کەمیی شوێن و گوتی "بۆ نموونە، چاکسازیی هەولێر بۆ 990 کەس دروستکراوە، بەڵام ئێستا دوو هەزار و 500 سزادراوی لێیە، هەر هۆڵێک بۆ 9 کەس دروستکراوە، کەچی 20 کەسی تێدایە".
"لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 1466 منداڵی کارکەر هەن"
ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی کارکردنی منداڵانە. لەو بارەیەوە وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی گوتی، لەگەڵ دەزگای روانگە لە سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان رووپێوییەکان بۆ زانینی ژمارەی منداڵانی کارکەر کردووە؛ لەبارەی ئەنجامەکەیەوە گوتی، "لە سلێمانی هەزار و 10 منداڵی کارکەر هەن؛ لە هەڵەبجە 124 منداڵی کارکەر؛ لە راپەڕین 121 منداڵ و لە ئیدارەی گەرمیان 111 منداڵی کارکەر هەن؛ بەگشتی ژمارەیان هەزار و 466 منداڵی کارکەرە لەو سنوورانەدا".
کوێستان محەممەد گوتی، ئەمڕۆ دووشەممە لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان رووپێوییەکی شەش مانگە بە ناوی "چاودێری و چارەسەرکردنی منداڵی کارکەر" بۆ تەواوی هەرێمی کوردستان رادەگەیێنن، کە جگە لە رووپێوی، چاودێری و چارەسەریشی بۆ منداڵانی کارکەر تێدایە".
بەگوێرەی یاساکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، مێرمنداڵ لە تەمەنی 15 ساڵ بەدواوە دەتوانێت کاربکات، بەڵام کارێکی قورس نەبێت، بەپێچەوانەوە کاری قورسیان پێ بکرێت، خاوەنکارەکان سزادەدرێن. وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی گوتی، "لە سلێمانی سکاڵا دژی 5 هەزار خاوەنکار تۆمارکراوە، کە بەشێکیان تایبەتن بە پێشێلکردنی مافی مێرمنداڵە کارکەرەکان".
بەگوێرەی رووپێوییەکەی روانگە، 20%ـی منداڵانی کارکەر لە ئاوارە و پەنابەرانن و ئەوانی دیکەی خەڵکی هەرێمی کوردستان؛ ئاماژە بەوەشکراوە، زۆرینەی منداڵانی کارکەر ئەوانەن باوکیان لەدەستداوە.
"منداڵی تەمەن 9 ساڵ بە تۆمەتی بەکارهێنانی هۆشبەر سزادراوە"
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی باسی سزادانی منداڵان و راگرتنیانی لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستاندا کرد و گوتی، لە چاکسازییەکاندا منداڵ و ژن و گەورە بە تاوانی مادەی هۆشبەر راگیراون؛ گوتیشی "منداڵمان هەیە 9 ساڵ و 10 ساڵە بە تۆمەتی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر سزادراوە و لە چاکسازییەکاندایە".
کوێستان محەممەد لە بەردەوامیی قسەکانیدا گوتی، لە چاکسازییەکاندا ئەوانەی سزای سێدارەیان هەیە، لەگەڵ ئەوانەی بە مادەی تیرۆر یان بازرگانی بە مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون، لەو کەسانە جیاکراونەتەوە، کە بە تۆمەتی سووک سزا دراون؛ گوتیشی "سزادراوان جیاکراونەتەوە، بەڵام نەمانتوانیوە 100% جیایان بکەینەوە، چونکە بۆ نموونە چاکسازی هەولێر بۆ 990 کەس دروستکراوە، بەڵام ئێستا 2 هەزار و 500 سزادراوی لێیە؛ هەر هۆڵێک بۆ 9 کەس دروستکراوە 20ـی تێدایە و ناتوانرێت هەموویان جیابکرێنەوە".
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی باسی لەوەشکرد، چاکسازییەکان بۆ راهێنانەوەی سزدراوانن و سزادراو هەبووە لە چاکسازییدا فێری پیشە کراوە و ئێستا کە ئازاد بووە، خاوەنی پیشەی خۆیەتی. گوتیشی، لەگەڵ مامۆستایانی ئاینیشدا هاوئاهەنگیان هەیە و ئەوانیش باسی حەرام بوون و رووە خراپەکانی مادەی هۆشبەر لە رووی ئایینییەوە دەکەن.
کوێستان محەممەد: 57 ژن و 26 نەوجەوان لە هەولێر سزا دراون
کوێستان محەممەد گوتیشی، لە چاکسازییەکاندا ژن هەیە کە بازرگان و بەکارهێنەری مادەی هۆشبەرە، بەڵام ژمارەیان "زۆر کەمترە لە پیاو؛ بۆ نموونە، لە هەولێر 26 نەوجەوان و 57 ژن سزادراون لە بەرامبەردا 2 هەزار و 500 سزادراوی پیاو هەن، (ئەم ئامارە بۆ کۆی تاوانەکان نەوەک تەنیا مادەی هۆشبەر)".
وەزیری کار و کاروباری هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە هەبوونی منداڵان لەگەڵ دایکیان لە چاکسازییەکاندا کرد و گوتی، لە سلێمانی یەک منداڵ لەگەڵ دایکیدا لە چاکسازییەکان دەمێنێتەوە، بەڵام لە هەولێر 60 منداڵ لە چاکسازییەکاندا لەگەڵ دایکیاندا دەمێننەوە. بە گوتەی ئەو، زۆرینەیان لەگەڵ ئەو ژنانەدان راگیراون و سزا نەدراون، بەڵام لەجیاتی مانەوەیان لە زیندانی پۆلیس کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆن، لە چاکسازییەکانی ئەواندا بەشێوەی کاتی راگیراون.
"پەرلەمانتاری خانەنشین هەیە مووچەیەکی 150 هەزاری کەمئەندام وەردەگرێت"
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لە نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کوێستان محەممەد باسی لە لیستی مووچەی نیڤشکان کرد و گوتی، لە لیستەکەیاندا هەزاران کەس هەبوون مووچەیان وەرگرتووە و نیڤیشکان نەبوون؛ گوتیشی لەو کاتەوەی بووەتە وەزیری وەزارەتەکە، 14 هەزار کەسی لە لیستی مووچەی نیڤشکان دەرهێناوە کە بەشێکیان چەند ساڵێک بووە کۆچی دواییان کردووە و کەسوکارەکەیان قسەیان نەکردووە و مووچەکەیان وەرگرتووە.
کوێستان محەممەد باسی لەوەشکرد کە پەرلەمانتاری خانەنشین هەیە مووچەی نیڤشکان وەردەگرێت و ئەوانیش بەگوێرەی یاسا ناتوانن مووچەکەی ببڕن کە 100 بۆ 150 هەزار دینارە.
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی گوتیشی، پاککردنەوەی لیستی مووچەی نیڤشکان "زۆر ئەستەمە؛ لە رابردوودا گەندەڵییەکی زۆری تێداکراوە".
کوێستان محەممەد دەڵی، لە هەولێر پێداچوونەوەیان بە دۆسێی هەزار و 400 کەس کردووە کە مووچەی نیڤشکان وەردەگرن و بە بینینی کەسەکان خۆیان، لیژنەکە گوتویانە ئەمانە "هیچ کەمئەندامییەکیان نییە" و رەوانەی لیژنەی پزیشکیان کردوون، بەڵام تەنیا 40 کەسیان مووچەکەیان بڕاوە، لەکاتێکدا بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکە گوتوویەتی، "ئەو هەزار و 400 کەسە هیچیان نیڤشکان نەبوون".
لە کۆتایی قسەکانیدا کوێستان محەممەد ئاماژەی بە سەلامەتی کاری کرێکاران کرد و گوتی، لیژنەکانیان سەردانی کۆمپانیاکان دەکەن و لێپیچینەوە لەوانە دەکەن کە کەرەستەی سەلامەتی بۆ کرێکارەکانیان دابین ناکەن، گوتیشی: "لە هەندێک جێگە، کەرەستەی سەلامەتی ئامادەکراوە و کرێکارەکان ئامادەنین بەکاری بهێنن".