دادگەی فیدراڵی تاوتوێی سکاڵایەک دژی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە دەکات

رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە هەفتەی داهاتوو، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، یەکەم دانیشتنی خۆی بکات بۆ تاوتوێکردنی ئەو سکاڵایەی دژی یاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە تۆمار کراوە. لە بەرامبەردا، نوێنەرێکی هەڵەبجە جەخت دەکاتەوە، کە رێکارەکان یاسایین و سکاڵاکە رەت دەکرێتەوە.
 
رۆژی چوارشەممەی داهاتوو (18ـی حوزەیرانی 2025)، دادگەی فیدراڵی سەیری ئەو سکاڵایە دەکات، کە لەلایەن ئەمیر کامل مەعمووری، کە خۆی بە پەرلەمانتاری سەربەخۆ ناودەبات، دژی لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق تۆمار کراوە.
 
مەعمووری لە سکاڵاکەیدا داوا دەکات مەرسوومی کۆماریی تایبەت بە دامەزراندنی پارێزگای هەڵەبجە بە نادروست لەقەڵەم بدرێت. هەروەها داوای دەرکردنی فەرمانسالاری دادگای فیدراڵی دەکات بۆ راگرتنی جێبەجێکردنی یاساکە تاوەکو سکاڵاکە یەکلایی دەبێتەوە.
 
لەمبارەیەوە، چرۆ حەمەشەریف، نوێنەری هەڵەبجە لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ـی حوزەیرانی 2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەموو رێکارەکانی دەرکردنی یاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە یاسایین و هیچ کێشە و گرفتێکی نییە. دڵنیاین دادگە سکاڵاکە رەت دەکاتەوە."
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 13ـی ئاداری 2014 بڕیارەکەی دەرکرد. دوای نزیکەی دەیەیەک، پەرلەمانی عێراق لە 14ـی نیسانی 2025 یاسای "دامەزراندنی پارێزگای هەڵەبجە لە هەرێمی کوردستان"ـی پەسند کرد و دواتر لە 29ـی نیسانی 2025، لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، مەرسوومی کۆماریی بۆ یاساکە دەرکرد.